ئادار 26, 2020 09:56 Asia/Tehran
  • ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی: کاتی یەکانگیربوونی جیھانە بۆ خەباتی دژی کۆرۆنا

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی شەوی پێنج شەممە بە دەربڕینی ئەمەی کە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی دوو حەوتەی ئەم دواییە ڕەوتێکی خێراتری گرتووەتە بەر، ڕاشکاوانە جەختی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا کاتی ھاوپشتی و یەکانگیر بوونی جیھانییە بۆ بەرنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس ، « تەدرۆس ئادھانۆم گبریسۆس_ Tedros Adhanom Gabrisos» لە کۆنفرانسێکدا بە پێی داخوازیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد کە بۆ پشتگری کردن لە ھەوڵەکانی ئەم ڕێکخراوەیە لە ئاراستەی بەرنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێنە مەیدانەوەو وتیشی: ھاوکاریی جیھانی بۆ بەرنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستە.

«"ئانتۆنیۆ گۆترێش» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە باسی گەڵاڵەی ئەم ڕێکخراوەیەی کرد بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی دەستکورتی جیھان بە مەبەستی خەباتی دژی پەتای کۆرۆناو وتیشی: کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێ کەرەستەو مسۆگەراتی پێویست بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی کە زیاترین پێویستییان بە یارمەتییە بۆ بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا، ئامادە بکات.

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ناوە فەرمییەکەی کۆڤیدی ١٩ یە، لەکۆتایی ساڵی٢٠١٩دا لەشاری "ووهان"ی سەربە پارێ زگلی «ھوبی»ی ڕۆژھەڵاتی چین  بەدی کراولە ئێستادا  جگە لە چین زیاتر لە ١٩٥وڵاتی دیکەش واتە وڵاتانی  ئەمریکا، بریتانیا، ئۆستۆرالیا، تایلەند، کۆریای باشووری، ژاپۆن، کەنەدا، فەرانسا، ئیتالیا، عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانیشی تێوەگلاندووە واتە نزیکەی لەسەدا ٩٠ حەشیمەتی جیھان توشی ھاتوون.

بەپێی دوائامارەکان، تا ئێستا نزیک بە ٤٥٠ هەزار کەس لە جیهاندا تووشی ئەم ڤایرۆسە ھاتوون کە لەم ژمارەیە زیاتر لە ١١١ هەزاریان چاکبوونەتەوەو لانیکەم ١٩ هەزار کەسیش گیانیان لەدەست داوە.