May 27, 2020 16:31 Asia/Tehran
  • توندوتیژیی پۆلیسی ئەمریکا ڕەش پێستێکی دیکەی کردە قوربانی

توندوتیژیی پۆلیسی ئەمریکا جارێکی تر بووە ھۆی کوژرانی ڕەش پێستێکی دیکە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەفسەرێکی سپی پێست لە ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە کەسێکی ڕەش پێستی لە شاری «مینیاپۆلیس» لە ئیالەتی «مینەسوتا» کوشت.

لە گرتەیەک دا کە ڕۆژی سێ شەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمریکا بڵاو بووەوە، پۆلیسێکی سپی پێست لە کاتێکدا کە کەسێکی ڕەش پێستی بە دەما لە سەر قیرتاوەکە خەواند بوو، ئەژنۆی خستیووە سەر ملی و بەبێ سەرنجدانی تکاوپاڕانەوەی ئاپۆڕەکەی گردوپەڕیان ، تەوژمی بۆ دەھێنا.

ئەم کارەی پۆلیسە ئەمریکییەکە لە کاتێکدا کە ڕەش پێستەکە ھاواری دەکرد«ھەناسەم لێ بڕا»، «تۆزێک ئاوم بدەنێ»، «مەمکوژە» ھەتا خنکان و گیان لەدەست دانی شارومەندە ڕەس پێستەکە بەردەوام بوو.

زەبروزەنگی پۆلیسی ئەمریکا دژی ڕەنگین پێستەکانی ئەم وڵاتەو بە تایبەت ڕەش پێستەکان بەردەوام ناڕەزامەندیی خەڵکی ئەم وڵاتەی لێ کەوتووەتەوە.

قەڵاچۆی شارومەندانی ڕەش پێستی ئەمریکی بە ھۆی ھێزەکانی پۆلیسی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە توندتر بووەتەوەو ئەمەش بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی بزوتنەوەگەلی مەدەنی و دروست بوونی توندوتیژی و تەنانەت بشێویی چەند ڕۆژە لە بڕێک لە ئیالەتەکانی ئەمریکا.

بە شێوەیەکی ئاسایی دادگەکانی ئەمریکا، ئەوفەرمانبەرانەی پۆلیس کە دڕندەکاری دژبە ڕەش پێستەکان دەکەن ، بە تاوانبار نازانن و یان سزایەکی قورسیان بۆ لەبەرچاو ناگرن.