May 29, 2020 15:55 Asia/Tehran
  • مۆڵ درانی ھێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانیی ئەمریکا لە شاری «مینیاپۆلیس» بۆ داپڵۆساندنی خۆپیشاندەرانی دژی ڕەگەز یەرستی

ھێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانیی ئەمریکا بۆ داپڵۆساندنی خۆپیشاندەرانی دژی ڕەگەز یەرستی لە شاری «مینیاپۆلیس»ی ئیالەتی «مینەسوتا» ، جێگیر بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی تەسنیم بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ئەمریکی،«تیم واڵز»فەرمانداری ئیالەتی «مینەسوتا» ڕۆژی پێنج شەممە فەرمانی جێگیر بوونی ھێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانیی ئەمریکا بۆ یارمەتی دانی گەڕاندنەوەی ھێوری شاری«مینیاپۆلیس» دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندان و بشێوییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو دەرکرد.

ئەم ھێزانە شان بە شانی پۆلیسی خۆجێیی و فیدراڵ خەریکی داپڵۆساندنی خەڵکی ناڕازین.

«داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پاساوی توندوتیژی نواندن دژی خۆپیشاندەران لە توییتێکدا نووسیویەتی: ناتوانم ھەروا دانیشم و سەیری ئەو ڕووداوانە بکەم وا لە«مینیاپۆلیس» کە لەو شارە گەورانەی ئەمریکایە، دەقەومێ.

لە تازەترین نمونەی کوشت و بڕی ڕەگەزیی پۆلیسی ئەمریکادا، ڕۆژی دووشەممە ئەفسەرێکی سپی پێستی ئەمریکا شارومەندێکی ڕەش پێستی لە شاری «مینیاپۆلیس»ی ئیالەتی «مینەسوتا» خنکاند.

جەماوەری شاری «مینیاپۆلیس» لە ڕۆژی سێ شەممەوە بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە کوژرانی ئەو پیاوە ڕەش پێستە ٤٦ ساڵەیە لە لایەن پۆلیسە سپی پێستەکەی ئەمریکاوە لە شەقامەکانی ئەم شارەدا خەریکی خۆپیشاندانن.

کەناڵی «سی ئێن ئێن»ی ئەمریکا شەوی ھەینی باسی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی کردو ڕایگەیاند: لانیکەم دوو شاری گەورەی دیکەی ئەمریکاش گۆڕەپانی ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ڕەگەزپەرستی و ھەڵس و کەوتی توندوتیژی پۆلیسی ئەم وڵاتە لە گەڵ ڕەنگین پێستەکانن.

قەڵاچۆی شارومەندانی ڕەش پێستی ئەمریکی بە ھۆی ھێزەکانی پۆلیسی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە توندتر بووەتەوەو ئەمەش بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی بزوتنەوەگەلی مەدەنی و دروست بوونی توندوتیژی و تەنانەت بشێویی چەند ڕۆژە لە بڕێک لە ئیالەتەکانی ئەمریکا.

بە شێوەیەکی ئاسایی دادگەکانی ئەمریکا، ئەوفەرمانبەرانەی پۆلیس کە دڕندەکاری دژبە ڕەش پێستەکان دەکەن ، بە تاوانبار نازانن و یان سزایەکی قورسیان بۆ لەبەرچاو ناگرن.

سەرپەیڤ