کۆبوونەوەی خەڵک لە بریتانیا بۆ داکۆکی کردنی جۆرج فلۆید
سەدان کەس لە دانیشتوانی لەندەن ، ھەنگاوی توند و تیژانەی پۆلیسی ئەمریکا لە کوشتنی شارومەندی رەشپێستی ئەمریکاییان شەرمەزار کرد .
بە پێی راپورتی ھەواڵدەریی فارس ، سەدان کەس لە خەڵکی لەندەنی پێتەختی بریتانیا ئەمڕۆ یەکشەممە بە کۆبوونەوە لە گۆڕەپانی ترافالگار ی ئەم شارە ، کوشتنی کارەساتباری شارومەندێکی رەشپێستی ئەمریکایی بە دەستی پۆلیسی ئەم وڵاتەیان شەرمەزار کرد .
ناڕازیانی لەندەنی وێڕای ئیدانەکردنی توندی و تیژیی پۆلیس ، یەکدەنگیی خۆیان لە گەڵ بنەماڵەی جۆرج فلۆید دەربڕی .
شارە جیاجیاکانی ئەمریکا بە تایبەت شاری مینیا پۆلیس لە ویلایەتی مینەسووتا ئەم رۆژانە گۆڕەپانی خۆپێشاندانی ناڕازیانەی خەڵکە .
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە خۆپیشاندان لە شاری مینیاپۆلیسی مینەسوتا دەستیپێکرد پاش بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە پیاوێکی رەشپێستی بێچەک لەلایەن پۆلیسەوە قۆڵبەست کراوە لە کاتێکدا دەستی بەستراوە و لەسەر دەمیش دراوە بەرعەرزا ئەفسەرە پۆلیسەکە ئەژنۆی خستوەتە سەر ملی، پیاوەکە چەند جارێک دەڵێت "تکایە ناتوانم هەناسە بدەم" بەڵام پۆلیسەکە لاناچێت تا پیاوکە گیانی دەردەچێت.