کانونی دوھەم 07, 2021 10:04 Asia/Tehran
  • لەکارکشانەوەی چەند کەس لە ڕاوێژکارانی باڵای کۆشکی سپی دوابەدوای سەرھەڵدانی لایەنگرانی «ترەمپ»

دوابەدوای کردەوەی «دۆناڵد ترەمپ» لە مەڕ ھاندانی لایەنگرانی بۆ ھێرش کردنە سەر بینای کۆنگرێسی ئەمریکا سێ کەس لە ڕاوێژکارانی باڵای کۆشکی سپی وازیان لە ھاوکاری لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ھێنا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لەو ڕاوێژکارە سەرەکیانەی «ترەمپ» کە ئیدی خوازیاری بەردەوام کرانی ھاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی «ترەمپ»نین دەشێ ئاماژە بۆ «ڕابێرت ئێبراین» ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی کۆشکی سپی بکرێت.

«مەت پاتینجێر» یاریدەری ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانی و «کریس لیدڵ» یاریدەری بنکەی ئەرکانی گشتیی کارگێڕانی کۆشکی سپی لەو کاربەدەستانەی دیکەن کە بەم زووانە واز لە پۆستەکانیان دێنن.

دانیشتنی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ ژماردنی دەنگەکانی «ئلێکتراڵ کالیج»ی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکاو پشتڕاست کردنەوەی سەرکەوتنی «جۆ بایدێن» کە دوابەدوای ھێرشی لایەنگرانی سەرھەڵداوی «ترەمپ» بۆ سەر بینای کۆنگرێس پەکی کەوت بوو، دوای نزیکەی شەش کاژێر و وەدەرنانی سەرھەڵداوان لە لایەن ھێزەکانی دژی سەرھەڵدانەوە، دەستی پێ کرایەوە.

«مایک پێنس» یاریدەری ترەمپ کە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی کۆنگرێسی لە ئەستۆیە لە لێدوانەکەی دا بۆ دەست پێکردنەوەی دانیشتنی کۆنگرێس وێڕای ئیدانەکردنی ھێرشی لایەنگرانی «ترەمپ» بۆ سەر بینای کۆنگرێس وتی: توندوتیژی قەت سەرکەوتوو نابێت.

ھەر لەم کاتەدا «میت ڕامنی» سێناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتی یوتا ھێرشی شەوی پێنج شەممەی سەر کۆنگرێسی وەک سەرھەڵدانێک ناوبردو ئیدانەی کردو داوای لە ھاوکارانی کۆماریخوازی خۆی کرد واز لە تانەلێدان لە دەنگەکانی ئلێکتراڵ کالیج بھێنن و «جۆ بایدێن» وەک سەرکەوتووی ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ ڕابگەیەنن.

سەرپەیڤ