کانونی دوھەم 17, 2021 09:58 Asia/Tehran
  • ژمارەیەک هاوڵاتیی فەڕەنسی لە ترسیی ئینتەرنێتی 5G ئاگریان لە تاوەرێک بەردا

ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، ژمارەیەک لەو کەسانەی دژی ئینتەرنێتی 5Gن لە شارێکی ئەو وڵاتە تاوەرێکیان گڕ تێبەرداوە، بەهۆیەوە هێڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و مۆبایلی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس بڕاوە.

ڕۆژنامەی لۆ فیگارۆی فەڕەنسی ئەمڕۆ شەممە 16ی کانونی دووەم بڵاویکردووەتەوە، “وەک دژایەتییەک بۆ نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت 5G، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ژمارەیەک هاوڵاتیی فەڕەنسی ئاگریان لە تاوەرێکی شاری لیمۆج بەرداوە”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەهۆی ئاگردانی ئەو تاوەرەوە، یەک ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتیی ئەو شارە سیگناڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و مۆبایل-یان نەما.

ڕۆژنامە فەڕەنسییەکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “ئەو تاوەرەی ئاگری تێبەردراوە، بەرزییەکەی 250 مەتر بووە و بە تەواوی زیانی بەرکەوتووە”.

لە جیهاندا بەشێکی هاوڵاتییان دژایەتیی ئەو جۆرە لە ئینتەرنێت دەکەن، بە هۆکاری زیان بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە دەیبینن.

سەرپەیڤ