May 09, 2021 14:11 Asia/Tehran
  • موشەکە سەرگەردانەکەی چین کەوتە خوارەوە

نوسینگەی ئەندازیاریی بۆشایی ئاسمانی چین رایگەیاند، موشەکەکە پاش ئەوەی لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە چووەتە نێو بەرگەهەوای زەوییەوە بەشێکی زۆری لەنێوچووە و پاشماوەکەیشی لە زەریای هیندی کەوت وەتە خوارەوە.

نوسینگەی ئەندازیاریی بۆشایی ئاسمانی چین  بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ، موشەکە چینییەکە پاش ئەوەی لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە چووەتە نێو بەرگەهەوای زەوییەوە بەشێکی زۆری لەنێوچووە و پاشماوەکەیشی لە زەریای هیندی لەنزیک ماڵدیڤ کەوتوەتە خوارەوە.

بەپێی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی چین، موشەکی Long March B5 بەسەر دەریای عەرەبیدا پاش چونە ناو هەواوە لێکهەڵوەشاوە، هاوکات میدیاکانی چین دەڵێن، پاشماوەی موشەکەکە لە باشوری ڕۆژئاوای هندستان و سریلانکا کەوتوەتە خوارەوە.

لای خۆیەوە ناوەندی چاودێریی خزمەتگوزاریی Space-Track لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە ، "هەموو ئەوانەی بەدوای هەواڵی موشەکی LongMarch5Bەوەن، دەتوانن پشوو بدەن، موشەکەکە کەوتوەتەخوارەوە".

ئاژانسی گەردونناسیی ئێرۆ سپەیسی ئەمریکی دوێنێ شەممە پێشبینی کرد، پارچەی سەرەکی کەشتییە لەکۆنتڕۆڵ دەرچووەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە نیوزیلەندا بکەوێتە خوارەوە. 

کەشتیی ئاسمانیی (Long March 5B) رۆژی 29ی نیسان لە دورگەی "هاینان"ـی چینەوە بەرەو ئاسمان هەڵدرا بۆ ئەوەی کەرەستەی دروستکردنی بنکەیەکی ئاسمانیی چینی بۆ خولگەی زەوی بگوازێتەوە.

 رۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، زۆربەی ئەو پارچانەی کە لە کەشتییە ئاسمانییەکانی بەربونەتەوە، دوای بڕینی بەرگەهەوای زەوی، گڕدەگرن و دەسوتێن و چاوەڕێ ناکرێت هیچ زیانێکیان لێ بکەوێتەوە. 

سەرپەیڤ