کانونی یه‌که‌م 05, 2018 20:07 Asia/Tehran
  • ئاڵۆزیی دەنێو کۆڕی پەرلەمانی عێراق، کەمڵاندنی کابینەی عەبدولمەهدی لە کەشێکی تەماویدا

لە کۆڕی رۆژی سێ شەممەی پەرلەمانی عێراق حاڵەتێکی پاشاگەردانی و تێکهەڵچوون لەنێوان پەرلەمانتاراندا دروست بوو کە وەها کەشێک دەنگدان لەسەر تەواوکرانی پێکهێنانی کابینەی بەرەوڕووی کێشەو گرفتی جیددی کرد.

لەئەنجامی تێکهەڵچوون و دەمەقڕەی نێوان پەرلەمانتاران پێش دەسپێکرانی کۆڕی دەنگدان بە هەشت بەربژێری پێشنیارکراوی کابینەی عادل عەبدولمەهدی، بووە هۆ هەتا ئەو کۆڕە کۆنەبێتەوەو لەئەنجامدا چارەنووسی هەشت پۆستی وەزاریی  هەروا بێ وەزیر بمێننەوە. "عادڵ عەبدولمەهدی" سەرۆک وەزیرانی عێراق زیاتر لە دوو مانگە کە ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە کابینەکەی تۆکمە بکاو پێکهێنانی ناقسی کابینە، چالاکییەکانی خستووەتە ژێر کارتێکەری خۆیەوە. نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق مانگی ڕابردوو لە یەکەم دانیشتنی دەنگدانی پەرلەمان لەنێو بیست و دوو وەزیری پێشنیارکراوی سەرۆک وەزیران، تەنیا دەنگی متمانەیان بە١٤وەزیر دابوو. سەرۆک وەزیرانی عێراق لەهەوڵێکی نوێدا رۆژی دووشەممە ناوی هەشت بەربژێری پێشنیارکراوی ئاراستەی محەممەد حەلبوسی سەرۆک پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرد هەتا نوێنەران رۆژی سێ شەممە لەبارەیانەوە دەنگ بدەن. ئەو هەوڵەی عەبدولمەهدی، پاش داواکاریی بەردەوامی دەزگە سیاسییەکان بۆ چارەسەریی پرۆسەی کەمڵانی کابینەو خێراکرانی ڕەوتی هەڵبژاردنی کاندیدای پۆستە بەتاڵەکان لە وەزارەتخانەناوبراوەکان ئەنجامی گرت. لە وەها بارودۆخێکدا کۆڕی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق سەرلەئێوارەی رۆژی سێ شەممە لەحاڵی پێکهێناندا بوو کە لەبەر ناکۆکی لەسەر ژمارێک لە بەربژێرە پێشنیارکراوەکان، بێ ئاکام مایەوەو نەگەیشتە ئەنجام. لەچەند خولەکێکی ئەو دەمەقڕەو ناکۆکیانە، چەند نوێنەر لەدژ یەکتر و سەرۆک پارتەکان دروشمیان داو یەکتریان تۆمەتبار کرد بە لاوازی و پشک خوازیی لە حکومەت. عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەشت بەربژێری پێشنیارکراو پاش ئەو دەمەقڕانە، بینای پەرلەمانیان جێهێشت و پاشانیش سەرۆکایەتی پەرلەمان، دانیشتنەکەی بۆ پێنج شەممەی داهاتوو دواخست.

تاوسەندنی ناکۆکی نێوان گرووپە سیاسییەکان و بێ ئاکامیی دانیشتنی رۆژی سێ شەممەی پەرلەمانی عێراق، ئەو وڵاتەی خستووەتە سەروبەندی قەیرانێکی جیددی سیاسی تابەو جێگە کە ژمارێک ڕێبەر و ڕەوتی سیاسی لەحاند شوێنهاتەکانی لەسەر سەقام و هێمنیی سیاسی لە عێراقدا وشدارییان داوە. درێژەی جیاوازیی ڕوانگەی سیاسی لەسەر بەربژێرە ماوەکانی کابینەی عەبدولمەهدی بووەتە هۆ هەتا میدیا وکەسایەتییەکان وکارناسان لەمەڕ تێوەگلانی کۆمەڵگا لەو ناکۆکی و گرژییە سیاسیانە، و سەرەنجام دووپات بوونەوەی ئەزموونەکانی رابردووی ئەو وڵاتە لەوبارەوە وشداریان دا.

نوری مالکی سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاساو سەرۆک وەزیرانی پێشووش لە بەیاننامەیەکدا لەمەڕ ئەگەری سەرهەڵدانی پاشاگەردانی لە عێراق لەئەنجامی تەگەرەنانەوە لەبەردەم بڕیاردانی پەرلەمان لەبارەی هەشت بەربژێری دیکەی کابینەی حکومەت وشداری داوە. ناوبراو وتوویەتی، بێتوو کابینەی حکومەتی عەبدولمەهدی بەدەنگی پەرلەمان و لەچوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا تۆکمە نەکرێ، بژارەی جێگرەوە، پاشاگەردانی وبشێوی گشتی دەبێ.

کارناسان، ناکۆکی سیاسی نێوان فراکسیۆنە جۆربەجۆرەکان لەسەر بەدەستەوەگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگریی ، بەنیشانەی کێشەی سیاسی مەزنی بەردەم عەبدولمەهدی لەداهاتووی چالاکی حکومەتی ناوبراو دەزانن.

لەکاتێکدا کە ڕوون بوونەوەی پێکهاتەی یەکجاریی کابینەی عەبدولمەهدی کاتبەر و درێژخایەن بووە، ناوبراو دەنگۆ لەبارەی ئەوەی کە بێتوو ناکۆکییە سیاسییەکان لە عێراقدا بەردەوام بکرێن، لەوانەیە وازبێنێ، ڕەت کردەوە. بەڵام بێتوو ناکۆکییەکان چارەسەر نەبێ و دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ کەمڵانی کابینە نەگاتە ئەنجام، مەترسی ئەوە هەیە کە عێراق بچێتەنێو خولێکی دیکەی گرژیی سیاسی .  ئەگەرچی پێکهاتنی کابینەی نوێی عێراق لەلایەن عادڵ عەبدولمەهدی لەو وڵاتە هیواگەلێکی لەمەڕ نەمانی بنبەستی سیاسی و چوون بۆ خولێکی نوێی ژیانی سیاسی بەدیهێناوە، بەڵام درێژەی گرژییە سیاسییەکان سەبارەت بە پرۆسەی کەمڵانی کابینەی ئەو وڵاتە ، ئەو ئاسۆیەی تاڕادەیەک کز و خاو کردۆتەوەو ئەو دۆخە وشیاریی کەسایەتییەکان، پارتەکان وڕەوتە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە لە بارودۆخی هەستیاری ئەو وڵاتەو ڕەوشی ناسک وهەستیاری ناوچە پێویستتر کردووە.

سەرپەیڤ