نیسان 10, 2020 18:24 Asia/Tehran
  • بەرپەرچ درانەوەی ھێرشەکانی داعش لە لایەن حەشدی شەعبییەوە لە باکووری عێراق

سەرچاوە ئاسایشتییەکانی عێراق باسی ھێرشی چەکدارانی تاقمی تیرۆریستی داعش بۆ سەر بازگەیەکی سەربە ھێزەکانی حەشدی شەعبیان کردووە لە باکووری ئەم وڵاتەدا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ھەواڵدەریی فارس، سەرچاوەیەکی ئاسایشتیی عێراق ڕایگەیاندووە، چەکدارانی داعش چەند ڕۆکێتێکیان بەرەو بازگەیەکی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە گردوپەڕی شاری «توزخورماتو» لە پارێزگای سەلاحەددین لە باکووری عێراق  ھاویشتووە کە دوابەدوای ئەو ھێرشە دوو کەس لە ھێزەکانی حەشدی شەعبی شەھید کراون.

ئەم سەرچاوە ئاسایشتییە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، ھێزەکانی حەشدی شەعبی وێڕای بەرپەرچ دانەوەی شاڵاوی چەکدارانی داعش، دوو کەس لەو تیرۆریستانەیان لەنێو بردوون.

ھەر لەم حاڵەدا «عەلی ئەلحوسەینی» لە کاربەدەستانی حەشدی شەعبیی عێراق وێڕای ئاماژە کردن بە ھاوکاریی داعش و ئەمریکا، جەختی کرد: ئەمریکا گەورەترین داکۆکیکاری تاقمە تیرۆریستەکانەو بە کشانەوەی دوایین چەکداری ئەمریکی لە عێراق بەرماوەکانی داعشیش دەتوێنەوەو تەواو دەبن.

ئەلحوسەینی، بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقی بە ھۆکاری درێژبوونەوەی تەمەنی تاقمە تیرۆریستەکان زانی و وتیشی: کشانەوەی لەشکریانی ئەمریکی لە عێراق، دەستھاتی ئاسایشتیی گەورەی بۆ عێراق بەدواوە دەبێت.

لەم دواییەدا چەکدارانی داعش بە تایبەت لە ناوچەیەکی نێوان پارێزگاکانی کەرکوک ، سەلاحەددین و دیالەی عێراق پرژو بڵاو بوونەتەوە.

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. لە ئێستادا هێزەکانی عێراق بە یارمەتیی حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە و یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرێک لە ناوچەداگیر کراوەکانیان  لە تیرۆریستانی داعش سەندووەتەوەو لە کردەوەدا کاری داعش لە عێراق دا کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام سەرباری ئەمەش ھێشتا کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە  بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکستەکانیان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق، ڕوویان لە کرداری تیرۆریستی و قەڵاچۆی خەڵکی سڤیلی شارە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە کردووە.

سەرپەیڤ