ته‌مووز 02, 2020 20:18 Asia/Tehran
  • نوری مالیکی: ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش یارمەتیی عێراقی نەدا

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕایگەیاند: لە خەباتی دەوڵەت و سوپای ئەم وڵاتە دژی تاقمی تیرۆریستیی داعش، ئەمریکا ھیچ یارمەتییەکی سەربازیی عێراقی نەدا.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ھەواڵیی ئەلمەعلومە، «نوری مالیکی» سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق  وتیشی: لە کاتی شەڕ سوپای ئەم وڵاتە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، ئەمریکا لە گەیاندنی چەک و تفاقی سەربازی بە سوپای عێراق خۆی دەدزییەوە، کەچی ئێران و ڕوووسیا دەرکەی ھەماری چەکەمەنیی سوپاکانیان لە ڕووی بەغدا کردەوە.

«نوری مالیکی» ھەروەھا وێڕای ئاشکرا کردنی وردیاتێکی تازەتر لە بارەی چۆنیەتیی داگیرکرانی شاری موسڵ لە لایەن چەکدارانی داعشەوە، وتی: کەوتنی موسڵ بە ھەڵخراندنی ئاژاوەو پیلانگێڕان لەنێو سوپای عێراق بۆ پاشەکشەی ھێزەکان مسۆگەر کرا.

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. دوابەدوای ئەوەش دەوڵەتی عێراق داوای لە ئێران کرد ھەتا لە خەباتی دژی تیرۆریزم یارمەتیی بەغدا بدات.

هێزەکانی عێراق بە یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران  ١٧ی نوامبەری ٢٠١٧ توانییان شاری «ڕاوە» لە پارێزگای ئەنبار وەکو دوایین پێکەی داعش لە عێراق ڕزگار بکەن. بە ڕزگار کرانی ئەم شارە بە کردەوە کاری داعش لە عێڕاق دا تەواو بوو. 

سەرپەیڤ