ته‌مووز 08, 2020 14:15 Asia/Tehran
  • وتەبێژی حکومەتی عێراق: دەستور بنەمای چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک لەنێوان بەغدا و هەولێرە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند: گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک فەکتەرێکی دەستوری لەبارەی چەندین پرسی هەڵپەسێردراو بەردەوام دەکرێ و لەم ئاراستەیەش دا بنەمای چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک لەنێوان بەغدا و هەولێر ھەمان دەستورە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندانەوە، «ئەحمەد مەلا تەڵال»، وتەبێژی حکومەتی عێراق دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گفتوگۆکانی شاندی هەرێم و بەغدا رایگەیاند: سەردانی شاندەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لەهەردووک لا بەردەوام دەبن و دیارە ئەوەش هەنگاوێکی گرینگە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕال لەسەر بنەمای دەستور.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە، ئێمە لە بەغدا جگە لە گفتوگۆ هیچی دیکەمان نییە، هەموو هێزە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستانیش ھەر بڕوایان بە گفتوگۆیە، زۆر شاند لە هەرێمەوە هاتونەتە بەغدا و زۆر شاندیش لە حکومەتی فیدڕاڵی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆو چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردووک لا.

وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، لەپێناو قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی عێراقدا لەگەڵ حکومەتی ناوەند پێویست بە کاری زیاتر و دانوستانی چڕوپڕتر دەکات.