ئادار 05, 2021 19:13 Asia/Tehran
  • پاپای ڤاتیکان: گەلێک جار نوێژم بۆ عێراق کردووە، ئەم وڵاتە گرنگی و بایەخی زۆری کولتوری و ئایینیی هەیە و لە ئێستاش دا وەک نوێژخوێنێک سەردانی عێراقم کردووە

«پاپا فرانسیس» ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان لە پاش گەییشتنی بە کۆشکی «سەلام»ی بەغدا لە وتارێکدا وێرای ستایش کردنی فرەئایینی و فرە کولتوری و فرە رەگەزی لەعێراق دا، ڕایگەیاند: گەلێک جار نوێژم بۆ عێراق کردووە و لە ئێستاش دا وەک نوێژخوێنێک سەردانی عێراقم کردووە.

«پاپا فرانسیس» ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان  پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لەسەر بانگهێشتی فەرمی «بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتە بەغدای پێیتەختی ئەم وڵاتەو، پاش پێشواازی لێکرانی لە لایەن «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی بەڕێکەوت.

پاپای ڤاتیکان لە کۆشکی «سەلام»ی بەغدا لەپاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لەمیانی وتارێکدا جەختی لەسەر پاراستنی برایەتی و یەکڕیزیی گەلانی عێراق کردەوە و رایگەیاند، پێویستە جیاوازییەکان بکەینە سەرچاوەی تێگەیشتن لەیەکتری و گەشەکردنی کۆمەڵگا.

بەڕێزی وتیشی: گەلێک جار نوێژم بۆ عێراق کردووە، ئەم وڵاتە گرنگایەتی و بایەخی زۆری کولتوری و ئایینیی هەیە و لە ئێستاش دا من وەک نوێژخوێنێک سەردانی ئەم وڵاتەم کردووە، بێ گومان وا ھەڵدەگرێت گوێ لەهاوڵاتیان بگیردرێت و جیاوازییەکانی یەکتری قبوڵ بکەین، پێویستە بەرژەوەندییە تایبەتەکان بخەینە لاوە، توندوتیژی و یەکتر کوشتن ئیدی بەسە.

ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان سوپاسی هەمو ئەو وڵاتانەی کرد کە کاری وەبەرهێنان لەعێراقدا دەکەن و پەرۆشی ئاوارەکانی ئەم وڵاتەن و وتیشی: ئەو وڵاتانەی دەستی هاوکارییان درێژکردووە بۆ عێراق دەبێت لەو هاوکارییانەیان نەکشێنەوە.

«پاپا فرانسیس» لە دوابەشی وتارەکەی دا وێرای ئاماژە کردن بەمەی کە، نابێت ئایین و خودا پەرستی بۆ مەبەستی تایبەتی و سیاسی بەکاربهێنرێت، دوعا و پاڕانەوەی بۆ سەرکردە و سیاسییەکانی عێراق کرد و سوپاسی کردن بۆ ئەو پێشوازییە و لە  خوای گەورە داوای سەرکەوتنی بۆ عێراق کرد بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە.

سەرپەیڤ