ئاب 28, 2021 20:32 Asia/Tehran
  •  لـوتـکـەی بـەغـدا

لوتکەی بەغدا کە بە بەشداریی ٩ وڵاتی میسر ، ئێران، عەرەبستان، ئۆردۆن، قەتەر، ئیمارات، کوێت، تورکیا و فەرەنسا بەڕێوە چوو، بەیاننامەی کۆتایی خۆی دەرکرد.


بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی بنکەی ھەواڵدەریی ئەلعەھد، لە بەیاننامەی کۆتایی دانیشتنەکانی بەغدا ڕاگەیەندرا کە بەرپاکرانی ئەم کۆبوونەوەیە بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ئەمەی کە عێراق سیاسەتی ھاوسەنگی و ھاوکاریی ئەرێنیی لە ڕووی پەیوەندیی دەرەوەیی خۆیەوە گرتووەتە بەر.

بەشدارانی ئەم دانیشتنە داکۆکیی خۆیانیان لە ھەوڵەکانی دەوڵەتی عێراق لەمەڕ ھێزمەند کردنی دامەزراوەکانی عێراق ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەکەدا ھاتووە کە بەشداران جەختیان لە بوونی ھێندێک گرفتی ھاوبەش کردەوەو ئەمەی کە کە دەبێ بەس دەبێ لە سەر بنەمای ئاسایشتی ھاوبەش و بەرژەوەندیی بەرامبەر چارەسەر بکرێت.

بەشداران ھەوڵ و گیانبازیی عێراقییەکانیان لە شەڕی دژی تیرۆریزم ڕێز لێ ناو ھەمیسان لە سەر دژایەتیی خۆیان لە سەر ھەر جۆرە تیرۆریزمێک پێیان داگرت.

ھەروەھا بە پێی بەیاننامەی کۆتایی، بەشدارانی لوتکەکە لەم دانیشتنەدا لە سەر پێویستیی بەردەوام کرانی ھاوکاری بۆ بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا لە ڕێگای گۆڕینەوەی ئەزمونی سەرکەوتوو پێیان داگرت.

حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان-وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

 

حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان: ئێران پشتیوانی ئاسایشت، سەربەخۆیی و یەکگرتوویی سەرزەوینی عێراقە

 

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: تاران پشتیوانی ئاسایشت، سەربەخۆیی و یەکگرتوویی سەرزەوینی عێراقە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،«حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەی پشتگری لە عێراق وتیشی: عێراقی تازە لە ئێستادا پێویستی بە بنیاتنانەوەو چاک کردنەوەی پەیوەندییە ناوچەییەکانە و ئەم دانیشتنە بە ئامادە بوونی وڵاتانی ناوچەکە، دەربڕی ھەوڵی کۆماری عێراقە لە پێکھێنانی بەستێنی ھاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکەو بە ھیوام لە سای ئەم دانیشتانە بتوانین بگەینە ناوچەیەکی ئاوەدان و پێشکەوتەو گەشەکردووی ئازاد.

وتیشی: عێراق تازەی ڕزگار بوو لە تیرۆریزم، ئەمڕۆ پێویستی بە بووژاندنەوەی نێوخۆیی و پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانی لە ناوچەکەدایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران وێرای داکۆکی کردن لە سەقام، ئاسایشت، سەربەخۆیی، سەروەری، سەربەرزی و دەستەڵات و بەرز کردنەەی جێ و شوێنی ناوچەیی و نێونەتەوەیی عێراق، ئامادەیی خۆی بۆ گەشە پێدانی ھاوکارییە دو قۆڵی وناوچەییەکان ڕادەگەیەنێت.

«حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» جەختی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەوڵەت و گەلی عێراق و ئەوەی وا پەیوەستە بە بڕیارەکانیەوە لە بواری کاروباری نێوخۆیی لەوانە کشانەوەی ھێزی بیانی و بەرپاکرانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە پشتگری و داکۆکیی خۆی ڕادەگەیەنێت و ھەمیسان لە ڕۆڵی کارای ئەم وڵاتە لەمەڕ برەو پێدانی کلتووری دانوستان و ھاریکاریی ناوچەیی پێشوازی دەکات و ھاوکارییە نێوخۆییەکانی ناوچەکە بە بنەمای وەدی ھاتنی سەقام و ئاشت دەزانێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: ناوچەکەی ئێمە ھەموو پێوەرێکی دینی،ڕۆشنبیری، شارستانیەت و بارستایی ماددی و مەعنەویی بۆ ھاریکاری و ھاوپشتیی ناوچەیی ھەیە. بەڵام بەداخەوە لە بەر دەستوەردانی بیانییەکان و زاڵ بوونی ھزری ئاسایشتی، توشی گرفتی  جۆربەجۆر بووە، لەوانە شەڕو ناپاوەجێیی و ناھێمنی.

جەختی لەوەش کردەوە ،ئەوەی وا ئەمڕۆکە زیاتر پێویستمان پێیەتی ئاسایشتی پاوەجێی ناوچەکەیە بە ھاوبەشیی وڵاتانی ناوچەکە کە وەدی ھاتنی لە گرێوی بەکارھێنانی سەرچاوە ئابوورییەکانە بۆ وەدی ھێنانی ھاوپەیمانی لە ئاراستەی دابین کرانی ئاشتی و گەشە.

پێداگریی وتاردەرانی لوتکەی بەغدا لە سەر پشتگری کردن لە سەقامی عێراق

 

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلجەزیرە، «شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی»میری قەتەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەغدا وتی: وڵاتەکەی ئەوپەڕی ھەوڵی خۆی دەدات بۆ چەسپاندنی سەقام و ئاسایشت لە عێراق.

«شێخ تەمیم بن حەمەد» جەختی کرد: قەتەر لە ئاراستەی دەستخرانەوەی ڕۆڵی مێ ژوویی عێراق و ئەو جێ و شوێنەی کە شیاویەتی، ھەوڵ دەدات و دڵنیاشە کە عێراق خاوەنی بارستایی باڵا لەوانە ھێزی مرۆڤیی بلیمەتە بۆ بووژاندنەوەی سەرچاوەکانی دەستەڵاتی.

«سەباح خالید سەباح» سەرۆک وەزیرانی کوێتیش وتی: ئەگەر عێراق سەقامی نەبێت، وڵاتانی عەرەبیش سەقامیان نابێت.
ناوبراو وتیشی: عێراق لەو کۆڵەکانەی ئاسایشت و ئابوورییە لە ناوچەکەداو لە ئێستادا لە قۆناغی گرینگی بەرپاکردنی ھەڵبژاردندایە.

«ئەحمەد ئەبو غەیت» سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبیش وێڕای پشتگری کردن لە سەقام و ئاسایشتی عێراق وتی: عێراق بە دووی دامەزراندنی پەیوەندیی تازەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەداو کۆمکاری عخرەبیش لەم ھەوڵە پشتگری دەکات و پێی خۆشە عێراق ببێتە پردێک بۆ پەیوەندییەکان.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە عێراق نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی پێکدادانەکان، وتیشی: کاتی ئەوە گەییشتووە کە ئەتنخوازی لە وڵاتانی ناوچەکە کۆ بکرێتەوەو سەقام و ئاسایشت دامەزرێت.

 

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان: ناوچەکە پێویستی بە پەرە پێ دانی ھاواھەنگییە

 

وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستان لە لێدوانێکدا لە لوتکەی ناوچەیی پشتگری کردنی عێراق وتی: ئەوەی بە سەر ناوچەکەدا تێ دەپەڕێت، پێویستی بە بەرز کردنەوەی ئاستی ھاواھەنگییەکانە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی ھەواڵدەریی ئیرنا، «فەیسەڵ بن فەرحان» لە لێدوانەکەی دا جەختی لە پشتگری کردنی عێراق و ھەوڵ١دان بۆ پاراستنی ئاسایشت و سەقامی عێراق کردەوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستان پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و عەرەبستانی بە مێژوویی و لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش زانی و وتی: عەرەبستان ھەنگاوەکانی لە ئاراستەی ھێزمەند کردنی سەقام لە عێراق د ا بەردەوام دەکات.

«فەیسەڵ بن فەرحان» بوارگەی عەڕعەڕی بە پاڵپشتی ئابووریی ھەردووک وڵاتەکە زانی و وتی: عەرەبستانی سەعودی لە ئاراستەی ھاواھەنگی لە گەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بۆ خەباتی دژی توندئاژۆیی و تیرۆریزم دەجوڵێتەوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستان وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە  وتووێژ ھەمان بژاردەی چارەسەر کردنی کێشەکانی عێراقە وتیشی: دیپلۆماسیی عەرەبستانی سەعودی لە سەر بنەمای داکۆکی لە ئاشتی و پێشگرتن بە پێکدادان و بەکارھێنانی وتووێژە.

 

 

 

سەرپەیڤ