ئاب 14, 2018 18:54 Asia/Tehran
  • گڕاوانی رەبەت ، سێحری سروشتی دڵڕفێن

بەنێو ڕێگایەکی جواندا کە دارستانەکانی بەڕوو و تافگە وەرزییەکان لەباوەشیان گرتووە، تێدەپەڕین و چاوەکان نوقمی تەماشای تەپۆلکێکی جوان و ڕەنگاڵەیی لەبەستێنی سروشتێکی سەوزەڵانی دەبن کە ڕووبارێک بەدەنگی ئارامی بەخشی ، میلۆدیی جوانی ژیان دەچڕێ و بەسەماوە لەبەردەم ئەو شاکارەی گیتیدا تێدەپەڕێ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ تایبەت بە ناوچەی ئازەربایجانی رۆژاوایی، کانیاوی گڕاوان، لە دەشتێکی یەکدەست سەوز و جوان لەنزیک گوندی جوانی"کانی گوێز" لەمەودای دوو کیلۆمتریی شاری ڕەبەت و لە دوانزە کیلۆمتریی باکووری رۆژهەڵاتی شاری سەردەشت لەئازەربایجانی ڕۆژاوا هەڵکەوتووە کە خاوەن ئاوی کانیاوی(معدنی) و گازدارە.

شاری ڕەبەت لە بەستێنی دەشتی زێ(کەڵوێ) و لەداوێنی چیای تەرخان هەڵکەوتووە، گەردەنەی زمزیران و کێوی ئیبراهیم جەلال لە باکووری رۆژاوای ڕەبەت هەڵکەوتووە. ڕەبەت لەباکوورەوە لەگەڵ مەهاباد، لەڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بۆکان ، لەباشووری ڕۆژهەڵات لەگەڵ بانە، لەباکوری رۆژاوا لەگەڵ پیرانشار و لەڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوا لەگەڵ چۆمی زێ(کەڵوێ) و شاری سەردەشت دراوسێ یە.

ناوبانگی سەرەکیی سەرچاوەی گڕاوان لەبەر کوڵینی ئاوێک بەتایبەتمەندیی بەسوود و بەکەڵک لە چارەسەریی بایۆلۆژیکی یە. ئاوی کانیاوەکە ساردەو لەبەر سوێربوونی بۆخواردنەوە نابێ. کاریگەریی شیمیایی ئاوی کانیاوەکە دەبێتە هۆ تاکوو هەموو ساڵیک بەرزایی مخروط ی ئەو کانیاوە بەرزتربێتەوە.

سازەی قسڵیی کانیاوەکە نزیک بیست مەتر بەرزەو لەدرێژەی زەماندا گۆڕانی بەسەر هاتووە. ئەگەر بگەنە بانترین بەشی ئەو کانیاوە، دەنگی کوڵینی ئاو بەئاشکرا هەست پێ دەکەن. ڕووباری بچووکی زێ(کەڵوێ) لەتەنیشت ئەو کانیاوە تێدەپەڕێ کە لە وەرزی بەهار یەک لە پڕئاوترین ڕووبارەکانی ناوچەیە. ئاوی ئەو کانیاوە دەڕژێتە نێو ڕووباری کەڵوێ.

ڕادەی ئەملاحی حەلکراو لە ئاوی ئەو کانیاوە لانیکەم گڕەمێک لە لیتردایەو ئاوێکی گازدار و مەعدەنی لەدڵی هەڵدەقوڵێ و پاش ئەوەی دەچێتە ئاستی زەوی ، ماددەگەلێک لەخۆی بەجێ دێڵێ و ئەو ماددانە بەتێپەڕینی ڕۆژان و زیادبوونیان، بەشێکی مەخروتی شکڵی سەرنجڕاکێش دەخوڵقێنن و دەکرێ بە تەپۆلکێکی ڕەنگامەیی کە لەنێو سروشتی سەرسەوزی ناوچە، کۆنتراستێکی دڵرفێن بەدی دێنێ و ماندوویی لەچاوی موسافیر دەسڕێتەوە.

لەهەر لایەکەوە کە دەڕوانییە ئەو دیمەنە جوانەی سروشت، بارستایەکی جیاواز و جوان دەبینی کە سیمایەکی جوان و تایبەت بە دەورووبەرەکەی دەبەخشێ.

ئاوی دەوڵەمەندو پڕلەتایبەتمەندییەکەی جگە لە تایبەتمەندیی دەرمانی، ناوچەی زۆر جوان و دڵڕفێن کردووە کە گەشتیاران و سروشت دۆستانی زۆر، هۆگری سەردانی ئەو کانیاوەن.

رووبارێک کە بە بەردەم ئەو کانیاوە سەرسووڕهێنەرەدا تێدەپەڕێ. چۆمی هۆرمزاوێ یە کە لەوەرزی بەهاردا پڕئاوەو دەورووبەری خۆی تێراو کردووەو دیمەنێکی دڵنشین و سەرسەوز بە دەشت و دەمەنی پڕلەگوڵ بەدیاری دێنێ.

لەبەرئەوەی ئەو کانیاوە خاوەن ئەملاحی ئاهەکی و قورسە، ئاوەکەی ناودەنێن گڕاوان واتە ئاوی قورس و سەخت و بڕێکیش ئەو کانیاوە بەکانی گڕاو دەناسن.

بۆ سەردانی ئەو کانیاوە پێویستە ڕێگای سەردەشت بۆ مەهاباد بپێون و پاش تێپەڕین لەشاری ڕەبەت ، تابلۆکانی ناساندنی کانیاوی جۆشان، ئێوە بۆ میوانیی سرووشت بانگهێشتن دەکەن. لەباری زەمانییەوە، لە سەردەشت هەتا ئەو کانیاوە، سی هەتا سی و پێنج خولەک دەخایەنێ. بەڵام ڕێگایەکی سەرنجڕاکێشی دیکە لەباکوور بەرەو باشوورە کە دەبێ لە مەهاباد بەرەو سەردەشت بچی، ئەگەر ڕێگای مەهابادتان هەڵبژارد، یەکێک لە جوانترین جاددە کوێستانییەکانی ئێران دەبینن. هەرلەو ڕێگایە، تابلۆی ڕێنمایی بەرەو کانی گڕاوانیش هەیە. لەجاددەی سەرەکی هەتا شوێنی کانی گڕاوان لەتەنیشت ڕووبار نزیک بە یەک کیلۆمتر جاددەی خاکییە کە باشترە ڕێگاکە بەپێ بپێون.