تشرینی دووه‌م 06, 2019 08:34 Asia/Tehran
  • سەرەخۆشی بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ئیمامی یازدەهەمی شیعەکانی جیهان

ئەمڕۆ هەشتی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی١٤٤١ی کۆچی مانگی و شەشی نۆڤمبەری٢٠١٩، ساڵڕۆژی شەهادەتی یازدەهەمین ئەستێرەی ئاسمانی ئیمامەت و وەلایەت-ئیمام حەسەنی عەسکەری(ع) ـە.

هەشتی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی٢٦٠ی کۆچی مانگی، ئیمام حەسەنی عەسکەری(ع) نەوەی پاکی ڕەسولی نازداری ئیسلام(د.خ) لە شاری سامەڕا هەڵکەوتوو لەباکوری عێراق، شەهید کرا.

باوکی بەڕێزی ئیمام حەسەنی عەسکەری(ع)، حەزرەتی ئیمام هادی(ع) لە نەوەکانی پێغەمبەر بوو ودایکی ئەو بەڕێزە، ژنێکی زاناو خێرخواز بوو.

ئیمام حەسەنی عەسکەری(ع) پاش شەهیدبوونی باوکی، ڕێبەریی و بەرپرسایەتی دینیی موسڵمانانی گرتەئەستۆ.

ئەو ئیمامە بەڕێزە لە قوتابخانەی زانستی خۆیدا، زانستوەرانی لێهاتووی پەروەردە کرد کە هەرکامیان بە هێنانەدی بەرهەم و پەڕتوکی نوسراوە لەبواری جیاجیای زانستە ئیسلامییەکان، هەنگاوی کارایان نا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامۆژگاریی و فێرکارییە دینیەکان.

خەڵکی سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامی ئەمڕۆ لە ساڵڕۆژی شەهادەتی ئیمام حەسەنی عەسکەری(ع) ئیمامی یازدەهەمی شیعەکان بەئامادەبوون لە مزگەوت، و تەکیەکان، مەرقەدی پیرۆزی ئیمام ڕەزا(ع) -ئیمامی هەشتەمی شیعەکان- لە مەشهەد لەباکوری رۆژهەڵاتی ئێران، و گڵکۆی پاکی حەزرەتی مەعسومە(س) لەشاری پیرۆزی قوم لەباشوری تاران، تازیەداریی دەکەن.

رادیۆ وتەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵڕۆژی شەهیدبوونی حەزرەتی ئیمام حەسەنی عەسکەری(ع) لە هەموو موسڵمانان و ئازادیخوازانی گشت جیهان سەرەخۆشی دەکا.