حوزه‌یران 02, 2020 10:33 Asia/Tehran
  • تایبەتی ساڵگەڕی کۆچی دوایی حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە)

ئیمام خومەینی(رە) ، کەسایەتییەکی وریاو بیرمەندێکی لەسەر ھەست و ئاگاداری پرسی ئێران و جیھانی ئیسلام بوو، ھەر لە بەر ئەمەشە کە سەرباری تێپەڕینی سێ دەیە لە کۆچی دوایی بەڕێزی، ھێشتاش ھەر ھزروئەندێشەکانی مەشخەڵی ڕێگاپڕلە ھەڵەموتەکانی ئەمڕۆیە.

لەو پێوەرە ھەرەگرینگانەی ژیانی حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) برەو پێدانی ھزری و ئەندێشەی شۆڕشگێڕانە بە واتای ورووژاندنی گەلانی چەوساوە لە بەرامبەر نیزام و حکومەتە پاوانخوازەکان و خەبات لە پێناوی ڕاپسکان لە ستەم و چەوسانەوە بوو.

ھزرەکانی شۆڕشگێڕانەی ئیمامی کۆچکردوو ئەمڕۆکە بووەتە ھێمایەکی جیھانی کە نەک ھەر چارەنووسی گەلی ئێرانی گۆڕیوە، بەڵکو ئاراستەی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەو ڕەوتی گەورەی «ڕاچەنینی ئیسلامی»شی دیاری کردووە. ئا لەم ڕوانگەیەوە «ڕوودانی شۆڕشی ئیسلامی» گەورەترین ڕووداوی سەدە بوو کە بە قسەی «ئانتۆنی گیندێنز_ Anthony Giddens» کۆمەڵناسی ناوداری بریتانی سەرنجی ھەمووانی لە سەر مارکسیزم و لیبرالیزم ھەڵگرت و بەرەولای ئیسلام ڕایکێشان.

 حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) بە پشتبەستن بە دوو بنەمای گرینگ، یەکەم نەترسان و بەچۆک دا نەھاتن لە ھەمبەر ھەڕەشەو گوڕەشەکان و دووھەم ڕاچەنین لە ھەمبەر ڕەوتە کۆڵۆنیالیستییەکان، بووە ھۆی ڕوودانی ڕابوونێکی مەزن لە ئێران و ھەروەھا لەلای گەلانی سەربەخۆیی خواز.

 حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) بەم ھەنگاوەی ڕاستیگەلێکی بێ ئەژماری بۆ گەلانی جیھان ئاشکرا کردو لە سەردەمی خەبات و تێکۆشانی دا ئەوەی دەرخست کە بە بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە ورەی شۆڕشگێڕانە دەکرێ بگەی بە ئامانجی گەورەو بە سەردوندە سەرکەشەکاندا سەرکەویت.

 حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) بە خۆڕاگری لە ھەمبەر ڕژێمی گەندەڵ و ملھوڕانەی پاشایەتی لە ئێراندا، شۆڕشگێڕانە جوڵایەوەو لە ھەڕەشەو گوڕەشەو دوورخرانەوەو سەرکوت کردن نەترسا، چونکو بڕوای بە چەمکی ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕی ھەبوو، جا ھەر ئەم تایبەتمەندییەشی بەستێنی بۆ ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە ئێراندا خۆش کرد کە ئەمڕۆکە بووەتە سەرمەشقێکی جیھانی و دیالۆگی شۆڕشی ئیسلامی سنوورەکانیشی بەزاندووە. دیالۆگێک کە داگری یەکگرتنی ئوممەتی ئیسلامی و ڕەوتی خۆڕاگری لە ھەمبەر ئیستیکباری جیھانییە. گەلێک لە گەلانی دادخواز لە سای پێشەنگ بوونی گەلی مەزن و سەربەرزی ئێران ڕوویان لەم دیالۆگە ناوە.

عەلی ئەکبەری ویلایەتی» سکرتێری گشتیی کۆگەی جیھانیی ڕاچەنینی ئیسلامی لە لێدوانێکدا لە دەیەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای کۆگەی جیھانیی ڕاچەنینی ئیسلامی لە تاران دا وتوویەتی....ئەمڕۆکە لە سای ئیسلام و بایەخە ئیسلامییەکان، ڕاچەنینی ئیسلامی بە ئاشکرا لە ئاستی ناوچەکەدا ئەزمونێکی گەورە تێپەڕ دەکات. ھاواری ناڕەزایانەو دەربڕینی توڕەیی و بێزاری لە ئیستیکباروموستەکبیرینی جیھان دەستکەوتی یەکەم ودەستبەجێ ترین شوێنھاتی ڕاچەنینی ئیسلامی لە ناوچەکەدایە. دیارە گەڕانەوە بەرەولای خۆ کە لە ڕاستی دا گەڕانەوە بەرەو بەھاو بایەخمەندییەکان و بنەماکانی ئیسلامی ڕەسەنی موحەممەدی(ص)ە، تاکە چارەسەریی گرفتەکانی ئەم ناوچەیەیە کە لە ھەموو لایەکەوە بە چاوی تەماحەوە بۆی دەڕوانرێت و چەند ساڵێکە بە کەڵک وەرگرتن لە ئامێروگۆپاڵی تەکفیر کردوویانە بە جێگەڕمبازێنی بەرژەوەندییە دۆژئاوایی_عەرەبی _ عیبرییەکان.

«عەلی ئەکبەری ویلایەتی» سکرتێری گشتیی کۆگەی جیھانیی ڕاچەنینی ئیسلامی

ئەمریکییەکان ھەر لە ھەمان سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە ھەوڵیان دا بە دەیان و سەدان پیلان و دھۆی وەک کودەتا، ئاژاوە نانەوەی ئەتنیکی، دروست کردنی تاقمگەلی تیرۆریستی بۆ تیرۆر کردنی بەرپرسان و داسەپاندنی شەڕو پشتگری کردن لە ئاژاوەچییەکان و یایکۆت و یان خۆیان وتەنی ئەوپەڕی گوشار، شۆڕش ھەرەس پێ بھێنن و بیتوێننەوە. کەچی ھیچیان سەری نەگرت و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژئاوای ئاسیا بەدەوری خۆڕاگریی جەماوەری دا دەخولێتەوەو ئاسەواری ئەم گۆڕینی ئاراستەیەش لە شکست ھێنانی پەیتاپەیتای ئەمریکاو دەست و پێوەندەکانی لە ناوچەکەدا بەدی دەکرێت.

 

نوام چامسکی نووسەری ناوداروبیردۆزی ئەمریکی دەڵێت: ھەتا ئەو کاتەی کە ئێران بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە لە ھەمبەر ئەمریکا سەر دانەنوێنێ، دوژمنایەتی و دژایەتییەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێیت. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕوانگەی ئەمریکاوە جێگای قەبووڵ نییە، چونکو واز لە سەربەخۆیی و سەربەست بوونی خۆی ناھێنێ.

 

نوام چامسکی نووسەری ناوداروبیردۆزی ئەمریکی

 

لە ڕۆژی چواردەی جۆزەردانی ئەمساڵیش لە ھەل و مەرجێکدا یادی حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) دەکەینەوە کە گەلی ئێران بەوپەڕی ورەبەرزی و لێبڕاوییەوە لە ئاراستەی ئارمانجە مەزنەکانی شۆڕش ھەنگاوی دووھەمی ھەڵگرتووە. گەلی ئێران بە پابەند بوون و خۆڕاگری لە ھەمبەر نیزامی پاوانخواز، لە سای زیرەک بوونی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئەوەی نیشان داوە کە بە پشتبەستن بە ھزرەکانی شۆڕشگێڕانەی ئیمامی کۆچکردوو، درێژە بە ڕێبازی سەربەرزی و سەربەخۆیی دەدات و ھەتا کاتێکیش کە ئەم ورەو ئەم پێوەرانە لە ئاردا بن، ھیچ ھێزێک ناتوانێ زەبڕ لە گەلی ئێران بوەشێنێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی کە لە ملوەی ئەم سی و یەک ساڵەدا جڵەوی ڕێبەرایەتییان بەدەستەوە بووە، درێژەی پێدەری ڕێبازی پڕلە شانازیی شۆڕشی ئیسلامین. ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی سەرباری تەواوی گرفت و پیلانە دەرەکییەکان، ڕێگای جوڵان لە ئاراستەی ئامانجەکانی شۆڕشیان سانا کردو ئێستاکە لە دەیەی پەنجای شۆڕش دا ھەنگاوی دووھەمی شۆڕشیش بە ھەڵڕوانین بۆ داھاتوویەکی ڕوون و پرشنگدار دەستی پێ کراوە .

ئەمڕۆکە گەلی ئێران لە کاتێکدا لەگەڵ ئارمانجە بەرزەکانی نژیارڤانی گەورەی شۆڕش و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیمان تازە دەکاتەوە کە لێبڕاوە ھەتا بە ھەمان ورەی ھێزمەندو بە بۆچوونی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ، لە«شەڕی لێبڕانەکان دا» ھەنگاوی دووھەمی شۆڕش لە ئاراستەی ئەم «ڕێبازە پڕ لە شانازییە پێوراوە»و بە ھیوای داھاتوویەکی گەشتر، بەردەوام کات.

سەرپەیڤ