حوزه‌یران 25, 2020 09:43 Asia/Tehran
  • ئەو ڕۆژەی کە بولبولی کوردستان کوژایەوە

ئەمڕۆ پێنجەمی پوشپەڕ، چل و نۆھەمین ساڵگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا «حەسەن زیرەک» شوالیەی موسیقای کوردییە، ئەو ھونەرمەندەی کە موسیقای کوردی لەگەڵ ناوەکەی دا تێکەڵ بووە.

 

کاتێک باسی موسیقای کوردی دەکرێت، یەکەم وشەیەک کە بە زەینماندا دێت ناوی «حەسەن زیرەک»ە. پێنوس حەز بە نووسینی بابەتێکی ھاوپەیوەند بە مەرگی ئەو کەسایەتییە ھونەرییە ناکات، چونکو ئەم ناوە مردن ھەڵناگرێت و لەو بولبولەی کوردستان نزیکەی ھەزارو پانسەد گۆرانی بەجێ ماوە.

 

لە سەرەتای ھاوینی ساڵی ١٣٣٧ کە بۆ یەکەمجار بەرنامەی کوردی بۆ ماوەی کاژێرێک لە ڕادیۆێی ئێرانەوە بڵاو دەبووەوە، لە سەر دەستی زیرەک نریکەی ھەزار گۆرانی بە بێ دووپات کردنەوە لەو ساڵانەدا لە ئیزگەی ڕادیۆی تارانەوە بڵاو بووەوە.

 

ئەم مامۆستا دەگمەنەی موسیقای کوردی سەرباری ئەوەی کە خوێندەوارییەکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام زۆربەی شیعرو ئاوازی گۆرانییەکانی ھی خۆی بوون و بە بەھرە زکمکییەی کە ھەر لە سەرەتاوە پێی گەییشتبوو ھەڵبەستی دادەناو دەیکردن بە گۆرانی.

 

مامۆستا «حەسەن زیرەک» بەو ھێزی لەبەرکردنەی وا ھەلی ئەوەی بۆ دەڕەخساند کە تەواوی شیعرو ئاھەنگ و مەقامە کوردییەکان لە بەر کات، لە ماوەیەکی کورت دا بوو بە شۆڕەسواری گۆڕەپانی زیندوو کردنەوەی گۆرانییە فۆلکۆلۆرەکان و ئەمەش وایکردووە ھەت بە دڵنیاییەوە باسی ئەوە بکرێت کە  مامۆستا «حەسەن زیرەک» کەسایەتییەکە کە ئیدی قەت دووپات نابێتەوە.

 

پەژارەی «زیرەک» لە سۆزی گۆرانییەکانیەوە دیارە، ھەر لە «بارا بارنە»وە بگرە ھەتا «چیبکەم نیمە چارە» ھەمووی دەربڕی ئەو خەمەن کە لە ناخی دڵی دا پەنگیان دەخواردەوە، بەڵام ھێندەش تەنیا نەبوو چونکو سروشتی کوردستان بە ھانای ئەم بولبولە دووپاتەوە نەبووە دەھاتن ھەتا پەژارەی دڵی لەم جۆگرافیا دڵتەنگەدا بنەخشێنێ.

مامۆستا زیرەک و مامۆستا میرزادە و مامۆستا محەممەد کەمانگەر لە نێو کۆڕی هاوکارانی ڕادیۆ کرماشان

 

مامۆستا «حەسەن زیرەک» دوای ساڵانێکی دوورودرێژ ھەڵوەدا بوون لە لە بست بە بستی کوردستانی ئێران و عێراق، سەرەنجام گەڕایەوە بۆ بۆکانی زێدی  ھەتا لە چیای ناڵەشکێنەدا ئۆقرە بگرێت و بۆ یەمەکجار بحەسێتەوە. ئەگەر لە ناڵەشکێنەدا بچنە سەر گڵکۆکەی ئەم ھونەرمەندە ناودارەی کورد ئاوازە بەسۆزەکەی لە گوێچکەتاندا دەزرینگێتەوە کە چۆن  لە ناخی دەروونەوە ھاوار دەکلات: دەچمە سەر ناڵە شکێنە بەرامبەر بە بۆکانی».

گڵکۆی مامۆستا حەسەن زیرەک لە بۆکان

 

مامۆستا «حەسەن زیرەک» سەرەنجام لە تەمەنی ٥٣ ساڵاندا لە بۆکانی زێدی کۆچی دوایی کرد و زۆرێک لەوانەی کە ھۆگری ئەم ھونەرمەندە ناودارەن لەوانەیە ھێشتا ئەوەیان لەبیر مابێت کە ھاوکات لەگەڵ کۆچی دوایی مامۆستا ڕۆژنامەیەکی فارسی زمانی ئێران دەستبەجێ بەم ڕستەیە ھەواڵە دڵتەزێنەکەی بڵاو کردەوە ، «بلبل کردستان خاموش شد» واتە بولبولی کوردستان کوژایەوە. ..........ڕۆحی شاد

سەرپەیڤ