نیسان 17, 2021 12:22 Asia/Tehran
  • 28ی خاکەلێوە ، ساڵھاتی کۆچی دوایی شاعیری ئەوین و ئازادیی، ھێمنی موکریانی

ئەمڕۆ 35 مین ساڵھاتی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد ، ھێمنی موکریانیە .

 

ھێمن ساڵی 1921 لە گوندی لاچینی نزیک شاری مەھاباد ھاتە سەر دونیا .

یەکەم ھۆنراوەی ئەو شاعیرە لە گۆڤاری گەلاوێژ دا بڵاوبووەوە و دوھەمین ھۆنراوەشی لە گۆڤاری نیشتمان دا . ئەو گۆڤارەی کە بە نھێنی لە لایەن ژمارێک لە ئەدیبان و وێژەوانانی کورد لە دژی رژێمی شا دەردەچوو .

ژیانی ھێمن ، سەر لەبەر ھەوراز  نشێو و ئاوارەیی تێدابووە و لە گەڵ ئەوەش دا ھەرگیز لە نوسین و داھێنانی ئەدەبی و توێژینەوە نەوەستاوە و خەرمانی وێژە و ئەدەبی کوردی بە بەرھەمەکانی خۆی دەوڵەمەند کردووە .

تاریک و روون ، ناڵەی جودایی و پاشەرۆک سێ بەرھەمی ئەو شاعیرەن کە لە نێو خوێنەری کورددا جێگە و شوێنێکی تایبەتیان ھەیە و کەس نیە ھۆگریەکی بە خوێندنەوە و وێژە و ئەدەبەوە ھەبێت و ئەو بەرھەمانە نەخوێندبێتەوە . جیا لەوەی کە بە ھۆی سادەیی و پاراوبوونی زمانی ئەدەبیی ھێمن ، بەشێکی زۆری ھۆنراوەکانی کراونەتە گۆرانی و سروودی نیشتمانیی.

ھێمن ، توێژەرێکی گەورە و شارەزاش بووە و ئامادەکردنی تۆحفەی موزەفەریە و چەندین وتاری لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی لە گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد و دواتر لە گۆڤاری سروە کە خۆی لە دامەزرێنەرانی ئەو گۆڤارە بوو ، ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنێ . 

سەرپەیڤ