May 02, 2021 00:42 Asia/Tehran
  • شەوی قەدر، شەوێکی باشتر لە هەزار شەوە

شەوی قەدر، باشترین کاتە لە باشترین مانگی خودادا. ئەمشەو لە هەزار شەو سەرترە و باشترین دەرفەتە بۆ بەخشین و لێبوردنی تاوان و گوناحەکانمان. لە شەوی قەدردا، هەژمارێکی زۆر لە مەلائیکە دێنە سەر زەوی تا دۆعا و نزا و پاڕانەوەی ڕۆژوووانان بەرنەوە بۆ ئاسمان. کەوایە با سوژدە لە قاپییەکەی خودای گەورە بکەین تا باشترین چارەنووسمان بۆ دیاری بکرێ.

شەوی قەدر لە شەوانی زۆر پیرۆزە کە خودا لە قورئانی پیرۆزدا بە گەورەیی باسی کردووە. لە هەموو ساڵدا، شەوێک بە باشی و فەزیلەتی شەوی قەدر ناگات. ئەم شەوە شەوی هاتنەخواری قورئان و شەوی دابەزینی مەلائیکەیە بۆ زەوی. عیبادەت لە شەوی قەدردا سەرترە لە عیبادەت لە هەزار مانگدا. لەم شەوەدا چارەنووسی ساڵێکی مرۆڤ و هەروەتر ڕزق و ڕۆژییەکەی، تەمەنی و کاروباری گرینگی دیکەی دیاری دەکرێ!

لە ڕیوایەتە ئیسلامییەکاندا هاتووە کە شەوی قەدر، بە ئەگەری زۆرەوە، لە دەیەی ئاخری مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا هەڵکەوتووە چوونکە پێغەمبەر لە دوا دەیەی ئەم مانگەدا نوێنەکەی کۆ دەکردەوە و بۆ نزا و پاڕانەوە و عیبادەتی خودا، بەتایبەت لە شەوی بیست و سێهەمی مانگی ڕەمەزان، بنەماڵەکەی بەخەبەر ڕادەگرت و سەرقاڵی دۆعا و نزا لە دەرگانەی خوا دەبوون.

حەزرەتی عەلی (ع) فەرموویەتی: خواوەند ئەو شەوە (شەوی قەدر) بە هۆی سەرەنجی زیاتری ئێوە، بە نەهێنی هێشتووەتەوە. چوونکە ئەگەر ئەو شەوەی بۆ ئیوە ئاشکرا بکردایە، تەنیا بەدوای فەزیلەت و کردەوەکانی ئەوشەوەدا دەڕۆیشتن و شەوەکانی دیکەتان لە بیر دەکرد.

شەوی قەدر هەندێک داب و نەریت و کردەوەی تایبەتیشی هەیە، کە لەوانە ئەتوانین ئاماژە بکەینە: شەونخوونی، غوسڵ، دۆعا و نزا، بە واسیتە و نێوەنج کردنی قورئان و ئال و بەیت (ع)، خوێندنەوەی زیارەتی عاشوورا و نوێژ کردن.تیلاوەت و خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بە تایبەت خوێندنی سووڕەتی دۆخان، ڕوم و عەنکەبووت لە شەوانی قەدردا زۆر ڕاسپێری کراووە. بە پێی ڕیوایەتەکان، سەرجەم قورئان بە یەکجاری لە شەوی قەدردا لەسەر پێغەمبەر نازل بووە.خوێندنی دۆعای جەوشەن کەبیر و ئەبووحەمزەی سۆمالیشیان لەو شەوەدا بە کردەوەیێکی باش زانیوە. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ئەتوانین ئاماژە بکەینە کردەوەیێک کە لە نێو کردەوەکانی دیکەی شەوی قەدردا تۆزێک غەریب کەوتووە و ئەویش "تێفکرینە".

ڕەسووڵی خۆشەویستی ئیسلام (د.خ) فەرمووی: تێفکرین بۆ کاتژمێرێک باشترە لە عیبادەتی ساڵێک!". هەڵبەت کەسێک ئەتوانێ تێفکرێ کە خوای بەرز و بێ هاوتا، دڵی بە تیشکی ناسیاری خۆی و یەکایەتی ڕوون کردبێتەوە و لە پێناو عبوودیەتدا، هەنگاو هەڵێنێ! تێفکرین چەشنی جۆراوجۆری هەیە و باشترینی بیرکردنەوەیە لەمەڕ جیهان و ئافرێنراوەکان و هەروەتر تێفکرین سەبارەت بە خۆمان!

یەکێک لە ئەنجامە ئەرێنییەکانی بیر کردنەوە سەبارەت بە جیهان و ئافرێنراوەکانی، ئەوەیە کە مرۆڤ لە بێدەسەڵاتی خۆی لەبەرامبەر هێز و دەسەڵاتی لە بڕان نەهاتووی خودای گەورە تێدەگات و ئەوکاتە لە بەرامبەر ئەودا خاکەڕا و خۆبەکم زان دەبێ. ئەم خاکەڕاییە، دەبێتە هۆی پاقژبوونی دڵ و دوور کەوتنەوە لە خۆبەزل زانی و لە ئەنجامدا خووخدەی باڵای زۆری بەدواوە دەبێ.

لەم شەوە پیرۆزەدا خزمەتگوزارانی خۆتان لە کەناڵی ئاسمانی سەحەریش لە دۆعای بەخێرتان، بێوەری و بێبەش مەکەن!

سەرپەیڤ