ئه‌یلوول 15, 2018 19:43 Asia/Tehran
  • بەسفر گەیاندنی هەناردەی نەوتیی ئێران لەقسە هەتا کردەوە

دەمێکە کە ئەمریکییەکان جگە لە دۆزینەوەی بازاڕ بۆ کۆمپانیا بچووکە ئوروپایەکان بۆ ڕازی کردنی ئەوان بە ڕاگرتنی کار لەگەڵ ئێران، لەگەڵ سەرانی وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێرانیش دانوستانیان دەس پێ کرددووە. بەڵام ئاخۆ ئەو گەمارۆ و ئابلۆقانە کاریگەرییان لەسەر بازاڕە جیهانییەکانی نەوت دەبێ؟و ئاخۆ ئەمریکا دەتوانێ بگاتە ئامانجی خۆی واتە بەسفرگەیاندنی هەناردەکانی نەوتی ئێران؟

"حوسێن کازمپور ئەردەبیلی" نوێنەری ئێران لە لێژنەی عاملی ڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت(ئۆپێک) بەئاماژە بەلاوازیی بەرهەم هێنەران لەچارەسەریی کەمبوونی نەوت، دەڵێ: ئەمریکا ناگاتە ئامانجەکەی لەمەڕ بەسفرگەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران.

ناوبراو ڕۆژی هەینی لەدیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتەرز وتی: ئەمریکا بۆ بەسفرگەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بەرەوڕووی دۆخێکی دژوار دەبێ چونکە بازاڕی نەوت وبەرهەم هێنەرانی نەوتی خەنیمی ئێران ناتوانن کەموکوڕیی سەرچاوەگرتوو لە ڕاگرتنی فرۆشی نەوتی تاران قەربوو بکەنەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتی مای بەدووپات کردنەوەی تۆمەتی پڕووپووچ لەدژ ئێران، چوونەدەری واشنگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی ئابلۆقە ناڤۆکییەکانی ڕاگەیاند. ئەمریکا پاش چوونەدەری بەشێک لە ئابلۆقە ئابوورییەکان لەدژ تاران، هاوردەی نەوت لە ئێران بگەیێننە سفر.

بەڵام لەکاتێکدا کە زیاتر لە دوومانگ بۆ کاتی جێ بەجێ کرانی قۆناخی دووهەمی ئابلۆقە یەکلایەنییەکانی ئەمریکا لەدژ ئێران(پێنجی نۆڤمبەر) ، کات ماوە، نیگەرانیی سەرچاوەگرتوو لە کەمبوونی فرۆشی نەوت بووەتە هۆی هەڵکشانی نرخی نەوتی نەپاڵاوتە. نرخی هەر بەرمیل نەوتی نەپاڵاوتە لەحەوتەی ڕابردوو سنووری هەشتا دۆلاری بەزاند کە باڵاترین نرخی نەوت لەمانگی مای دێتەئەژمار.

ئێستا ڕاپۆرەکانی سەرچاوە نەوتییەکان واپێشان ئەدا کە هیچ پتانسێل وتوانای زیادە بۆ بەرهەم هێنانی نەوت لە هیچ وڵاتێکی دیکە لەئارادا نییە. حکومەتی ئەمریکا بیستی ئاگۆستی ئەمساڵ رایگەیاند، یانزە ملوێن بەرمیل لە پاشەکەوتی نائاسایی نەوتی نەپاڵاوتەی بەمەبەستی پێش گرتن بە چوونەسەری نرخی نەوت سەرچاوەگرتوو لە سیاسەتە بایکۆتییەکانی ئەو وڵاتە لەدژ ئێران دەفرۆشێ.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێش بینی کردووە، لە کۆتایی٢٠١٨ واتە کاتێک کە گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا لەدژ ئێران جێ بەجێ بکرێ، بازاڕ بەرەوڕووی فەرتەنە دەبێ.

لە ڕاپۆری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەدا هاتووە: "بەجێ بەجێ کرانی ئابلۆقە نەوتییەکان دژ بەئێران، ئاسۆی بازاڕی نەوت بەهیچ لەونێ ناتوانێ وەک دۆخی ئێستا ئارام وهێمن بێ."

بەم حاڵەوە، "ریک پری" وەزیری وزەی ئەمریکا رۆژی هەینی لەدیمانە لەگەڵ رۆیتەرز هیوای خواست، عەرەبستان وکوەیت، بەزوویی ناکۆکییە سنوورییەکانیان چارەسەر بکەن و هەردوو وڵات بتوانن سوودوەرگرتن لە بیرەنەوتییە هاوبەشەسنوورییەکان دەس پێ بکەنەوە.

بەڵام گەیشتنی ئەمریکا بەئامانجەکانی لە بایکۆت کردنی هەناردە نەوتییەکانی ئێران گرێدراوی سیاسەتی بەرهەم هێنەرانی نەوت وکاردانەوەی کڕیارانی سەرەکیی نەوتی ئێران دەبێ .

"ئەلەکساندر نۆڤاک" وەزیری وزەی ڕووسیا رۆژی هەینی لەدیمانە لەگەڵ سی ئێن بی سی وتی: "لێدوان لەبارەی شوێنهاتەکانی ئەو گەمارۆیانە دژوارە، چونکە ئێمە هێشتا ئاگاداری تایبەتمەندییە مافەوانییە بەڵگەییەکان کەبڕیارە ئیمزا بکرێن وبناسێندرێن، نین، نازانین کۆمپانیاکان چلۆن کاردانەوەیان دەبێ. ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئێران هاریکاری دەکەن چلۆن کاردانەوەیان دەبێ."

ئەوەی وا لە حیساباتی ئەمریکادا جێی شک و گومانە، گەشبینی زیاتر لەڕادە بە پەیڕەویی کۆمەڵگای جیهانی لە سیاسەتی یەکلایەنەی ئەمریکایە. لەکاتێکدا کە وڵاتان بەرژەوەندیی خۆیان لەبەرچاو دەگرن و بازاڕی نەوتیش ئاڵۆزیی تایبەت بەخۆی هەیەو لەژێرکارتێکەریی فەکتەرە سیاسی وئابوورییە جیاجیاکان دایە.