ئاب 02, 2019 14:08 Asia/Tehran
  • بایکۆتی زەریف، دەربڕی دۆش دامانی ئەمریکایە لە بەرامبەر دەستەڵاتی دیپلۆماسیانەی ئێراندا

دەوڵەتی ترەمپ لە ئاراستەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاردا، داسەپاندنی بایکۆتگەلی یەک لایەنەو ھەرە بەربڵاوی دژی ئێران گرتووەتە بەر، سەرباری ئەمەش دەوڵەتی ترەمپ بەم ڕادە بایکۆتانەی دژی ئێران بەسەندەی نەکردووەو لەئێستادا دەستی کردووە بە بایکۆتی تاکەکەسی دژی کەسایەتییەکانی ئێران.

لەم ئاراستەیەدا وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سەر لە بەیانی ڕۆژی  پێنجشەممە یەکەمی ئوت، ناوی موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئسلامیی ئێرانیشی لە پێڕستی کەسانی بایکۆت کراو زیاد کرد. لە ئاگاداری نامەی نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییە دەرەوەییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکادا ھۆکاری بایکۆت کرانی موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئسلامیی ئێران، پەیڕەوی کردنی ڕاستەوخۆو یان ناڕاستەوخۆی لە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕاگەیەندراوە.

موحەممەد جەوادی زەریف سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنج شەممە لە توییتێکدا لە کاردانەوە بەرامبەر بە بایکۆتکرانەکەی لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە ، نووسی: سوپاستان دەکەم کە منتان وەک ھەڕەشەیەکی گەورە بۆ ڕاپەڕێندرانی ئامانج و بەرنامەکانتان ناساندووە. ئەمریکا دەڵێت گوایە منی وەک وتەبێژی سەرەکیی ئێران لە سەرتاسەری جیھان بایکۆت کردووە، ئایا ڕاستییەکانتان ھێندە بۆ گرانە؟

زەریف بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە بە خۆی و بنەماڵەکەیەوە ھیچ زەوی و زارو یان ھەژمارێکی بانکیی لە دەرەوەی ئێران نییە، پێی داگرت کە ئێران تەواوی ژیان و تاکە بەڵێنمەندییەتی. بە بڕوای وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئسلامیی ئێران ،تەنیا کاریگەری و لەوانەشە تەنیا ئامانجی دانرانی ناوی لەنێو پێڕستی بایکۆتەکاندا بەرتەسک کردنەوەی تواناییەکانی لە ڕووی پەیوەندی گرتنەوەیە.

بێ گومان ئەو ھەنگاوەی دەوڵەتی ئەمریکا لەمەڕ بایکۆت کردنی موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئسلامیی ئێران، بە تەواوی بەپێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و دابە کۆمەڵایەتییەکانە. دەوڵەتی ئەمریکا بە خەیاڵی خۆی بە بایکۆتکردنی زەریف ڕێ لە گەشتی سیاسی و ڕاوێژو دانوستانەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای وڵاتان و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەگرێت و بەمجۆرە پێش دەگرێت بە بیسترانی ھەڵوێستی حەق خوازانەی ئێران و ئاشکرا بوونی کردەوەکانی دژی مرۆڤانەو نایاسایی واشێنگتۆن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بایکۆت کرانی موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئسلامیی ئێران، لەگەڵ کاردانەوەی نەرێنیی جۆربەجۆر بەرەوڕوو بووەتەوە. لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەوە ئەم ھەنگاوەی دەوڵەتەکەی ترەمپ نیشانەی ئەوپەڕی دۆش دامانی واشێنگتۆنە لە بەرامبەر ھەڵوێستی پتەوو ھێزمەندانەی تاراندا کە سەرباری پێداگرتن و تەنانەت تکاوپاڕانەوەی ترەمپ و کاربەدەستانی باڵای دیکەی ئەمریکا ئامادە نەبووە لەگەڵ ئەمریکا دانوستان بکات.

دوابەدوای بایکۆتی دژی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئسلامیی ئێران، ھەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری کاربەدەستێکی ئەمریکییەوە کە ناوەکەی نەدرکاندووە، نووسیویەتی: ترەمپ خوازیاری دانوستان لەگەڵ ئێرانە، بەڵام دەوڵەتەکەی دەیھەوێت لایەنی بەرامبەری کاربەدەستێکی بڕیاردەری ڕاستەقینە بێت کە دیارە زەریف ئاوا نییە.

ئەم ڕادەربڕینەی ئەو کاربەدەستەی ئەمریکا بووەتە ھۆی سەرسووڕمانی چاودێران و لەم پەیوەندییەدا«ڕابێرت ھانتێر» ڕاوێژکاری پێشووی نێونەتەوەیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو باڵویزی پێشووی ئەم وڵاتە لە ڕێکخراوەی  پەیمانی  ئاتلانتیکی باکوری "ناتۆ"  وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە بایکۆتکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕاستی دا بە تاکەکەسی کردنی ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵاتەو ئەم کردەوەیە بە پێچەوانەی بنەما مێژووییەکانی دیپلۆماسی بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ  وتووێژو دانوستان، تیشکی خستە سەر بانگەشەی کاربەدەستانی ئەمریکی کە وتوویانە زەریف بڕیاردەری سەرەکی نییە و جەختی کرد: ئەگەر ھەر بە ڕاستی لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئەمریکاوە بەڕێز زەریف کەسێکی بێ دەستەڵاتەو نوێنەری دەستەڵاتی سەرەکی لە ئێراندا نییە، دەسا بۆ بایکۆتتان کردووە؟ دیارە ئەمە کارێکی بێ مانایە.

لە ڕاستی دا بایکۆت کرانی موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئسلامیی ئێران لە لایەن واشێنگتۆنەوە ڕێک لە بەر ئەوە ئەنجامی گرتووە کە کاربەدەستانی ئەمریکی بەباشی ئاگایان لە توانایی ناوبراوە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەو دەربڕینی ھەڵوێستی حەق خوازانەی ئێران لە نێو کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و بە خەیاڵی خۆیان ھەوڵیان داوە بە بایکۆتکردنی ئەو تواناییانەی بەرتەسک و لاواز بکەن.

ھەر لەم حاڵەدا ھێندێک لە سیاسەتڤانانی ئەمریکی لەو باوەڕەدان کە بایکۆت کردنی موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئسلامیی ئێران بە واتای لاواز کردنی دیپلۆماسیی ھەگەری ئەنجامگرتنی دانوستان لەگەڵ ئێرانە.  "وەندی شێرمەن" کاربەدەستی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، شەوی پێنجشەممە لە توییتێک دا وێڕای ئاماژە کردن بە بانگەشەی ترەمپ لەمەڕ دانوستانی بێ شەرت و مەرج نووسی: بڕیاری دەوڵەتی ترەمپ بۆ بایکۆت کردنی"موحەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران، هیچ یارمەتییەکی ڕەوتی وتووێژ و دیپلۆماسی نادات.

ئەمە جیا لەوەی کە کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی پێشووی ئەمریکیش بایکۆت کردنی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئسلامیی ئێرانیان وەک ھەنگاوێک لێکداوەتەوە کە شوێنھاتی پڕمەترسیی لێ دەکەوێتەوە. بۆ وێنە "جارت بلانک"،ڕێکخەری پێشووی ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتننی ناڤۆکی بەرجام لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش وێڕای ڕەخنەگرتن لە بە ئاکام گەییشتنیی هەوڵی هەندێک لە کەسایەتییەکانی دەوڵەتی ترەمپ بۆ بایکۆتکردنی زەریف،ئەو کەسانەی وەک کۆمەڵێک  گەمژە و درۆزن و مەترسیدار ناساندووە.

وادیارە دەوڵەتی ترەمپ بە بایکۆتکردنی  موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئسلامیی ئێران ھەنگاوێکی ناژیرانەی ھەڵگرتووە کە دەکرێ وەک نیشانەی دۆش دامانی ئەمریکا لە ھەمبەر خۆڕاگریی مێژوویی ئێران لە ئاستی سیاسەتی ملھوڕانەی واشێنگتۆن لێک بدرێتەوە.

سەرپەیڤ