شوبات 07, 2020 16:58 Asia/Tehran
  • تورکیاو سووریا لە سەروبەندێکی شەڕێکی ھەمەلایەنە

لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییە ھەڕەشەو گوڕەشەکانی تورکیا دژی سەروەری و سەربەخۆیی سووریا چووتە نێو قۆناغێکی تازەوەو پێداگرتنی تورکیا لە سەر پشتگری کردن لە تیرۆریستان و کەسانی چەکداری دژی حکومەتی سووریا لە ناوچەی ئیدلەب بووەتە ھۆی ئەوەی کە تورکیاو سووریا لە سەروبەندی شەڕێکی ھەمەلایەنە نزیک ببنەوە.

دەوڵەتی تورکیا لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە ئاراستەی دەست درێژکاری لە ناوچەکەو پێ و شوێن گرتنی گەڵاڵەی ناسراو بە «پەیمانی نیشتیمانی» بەشێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکورو ڕۆژھەڵات لەوانە عەفرین، سەرێکانی و بەشێکی بەرینی باکووری سووریای بە بیانووی شەڕی دژی تاقمە تیرۆریستەکان داگیر کردووەو لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییەش ھەڕەشەو گوڕەشەی دژی حکومەتی سووریا توندتر کردووەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بۆ ھەتاھەتایە لە سووریادا نامێنێتەوە بەڵام بەم زووانەش لەو وڵاتە ناکشێتەوە.

ئەرودعان وتوویەتی: خوێنی سەربازانی تورکیا لە سەر خاکی سووریا ڕژاوەو دیارە ئەمەش دەستپێکی سەردەمێکی تازەیە بۆ سووریاو تورکیا.

ئەو تورکیایەی کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی دووھەزارو یانزەوە پشتگرییەکی بەربڵاوی لە تاقمە چەکدارو تیرۆریستەکان لە سووریا کردووە لە ئێستادا کە ئەو تاقمانە لە ئیدلەب بەرەوڕووی ھەڵمەتی بەربڵاوی سوپای سووریا بوونەتەوە گەلێک توڕەو مارەنگاز بووە. ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەم ئاراستەیەدا ھەڕەشەی لە سوپای سووریا کردووە کە ئەگەر بێتوو لە ھەرێمی ژێر دەستەڵاتی ئەو تاقمە نەیارانەی کە تورکیا داکۆکییان لێ دەکات لە پارێزگای ئیدلەب نەکشێتەوە، ئەوە بە ھەنگاوی سەربازی پێملی ئەو کارەیان دەکات.

لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییە پاش ئەوەی کە کاروانی سەربازیی تورکیا لە ئیدلەب دا کەوتە بەر ھەڵمەت و پەلاماری سوپای سووریا و ھەشت سەربازی سوپای تورکیا تیا بران، تورکیاش لە ھەنگاوێکی تۆڵەکارانەدا ھێرشی کردە سەر بنکەوبارەگای سوپای سووریاو بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەیان سەربازی سووریی لەو ھێرشانەدا کوژراون.

لەپاش ئەم پێکەوە ھەڵشاخانە ئەردوغان لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا وتووێژی کردو داوای لێ کرد ھەتا سوپای سوریا پێملی ئەوە بکات کە بەرەو ئەو سنوورانە بکشێتەوە کە لە ڕێککەوتننامەکەی سوچی دیاری کراون واتە ئەو سنووری ئەو ناوچانەی وا دواترسوپای تورکیا لە ناوچە کەم ئاڵۆزییەکان بنکەو بازنەی تیادا دانان.  ئەردوغان دوای ئەوەی لە وتەگەلێکدا ھەڕەشەی لە دیمەشق کردووە کە ئەگەر بێتوو ھەتا کۆتایی ئەم مانگە زایینییە نەکشێتەوە بە ھۆی لەشکرییەکانیەوە سووریا ناچار بە کشانەوە دەکات.

ئەو وتانەی ئەردوغان کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشە لە پەرلەمانی تورکیا ئاراستە کرا، لە چەند گۆشەنیگایەوە لە سەیروسەمەرە دەچێت. یەکەم ئەوەی کە سەرۆک کۆماری وڵاتێک کە چەند بەشی خاکی وڵاتێکی دیکەی داگیرکردووەو خستوویەتیە ژێر ڕکێفی لەشکریان و تاقمە چەکدارو تیرۆریستەکانی ھاوپەیمانیەوە، ھەڕەشە لە وڵاتی میواندار دەکات و لێی دەخوازی ھەتا ھێزەکانی لە بەشێکی خاکی خۆی بباتە دەرەوە. وەک ئەوەی کە ھەر چۆن ساڵێک لەمەوبەریش وەلیدموعەلیم وەزیری دەرەوەی سووریا باسی کرد، دەڵێی تورکیا لە بیری چووەتەوە کە ئیدلەب پارێزگایەکی سووریایە.

دووھەم ئەوەی کە بەشێکی ھەرە زۆری ئەو خاکەی کە ئەردوغان ھەڕەشەی چۆڵ کردنی لە سوپای سووریا دەکات لە ژێر ڕکێفی تاقمە توندڕەوە بەناو ئیسلامخوازەکانە کە لە ڕوانگەی کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە تیرۆریستن. سێھەم ئەوەی کە خوێنی ھەشت سەربازەکەی سوپای تورکیا لە خوێنی ئەو ٧٦ سەربازەی سووری ڕەنگینتر نییە کە سەرەڕای شەھید کردنیان ئەردوغان باسی ئەوە دەکات کە تۆڵەکردنەوەکەی کۆتایی نەھاتووەو ھێشتاش ھەر بەردەوامە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە لە کاتێکدا کە کاربەدەستانی ڕووسیا لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییە تورکیایان بە پێشێل کردنی بەڵێنەکانی لە سووریا تۆمەتبار دەکەن و مشت و مڕی سەرزارەکی لەنێوان کاربەدەستانی مۆسکۆو ئانکارا سەبارەت بە سووریا پەرەی سەندووە، پێش بینیی ئەوە دەکرێت کە ئەردوغان جارێکی تر بەرەوڕووی ڤیلادیمیر پوتینی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بێتەوەو کە دیارە ئاوا بەرەوڕوو بوونەوەیەکیش قەت بە قازانجی ئەردوغان نابێت.

ھەر لەم حاڵەدا سوپای سووریاش بەبێ گوێ دان بە وسداری دان و ھەڕەشەو گوڕەشەکانی توندوتیژی ئەردوغان لە سەر پێشڕەوییەکانی لە پارێزگای ئیدلەب بەردەوامە و ڕووسیاو سووریا کە لەم دواییەدا ڕەخنەیان لە ڕانەپەڕێندرانی ڕێککەوتنەکەی سوچی لە لایەن تورکیاوە کردووە، وا دیارە بەبێ ئەوەی کە ناڕەزامەندی و خۆتوڕەکردنەکانی تورکیا لە بەر تەفروتونا کرانی ھاوپەیمانە تیرۆریستەکانی لە ئیدلەب بە ھەند بگرن، بۆ چارەسەریی قەیرانی ئیدلەب لە سەر ئەو شێوازەی خۆیان بەردەوام بن.