حوزه‌یران 19, 2020 18:21 Asia/Tehran
  • بڕیارنامەی ئەنجومەنی بڕیاردەران دژی ئێران

ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی، سەرباری دژایەتیی ڕووسیاو چین دەنگی دا بە بڕیارنامەی سیاسیی ترۆئیکای ئەوروپیی دژی ئێران.

ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی، ڕۆژی ھەینی بە تێپەڕاندنی بڕیارنامەی دژی ئێرانیی سێ وڵاتی بریتانیاو ئاڵمانیاو فەرەنسا، داوای لە ئێران کرد کە پابەند بێت بە بەڵێنەمەندی و ھاوکارییەکانی لە ھەمبەر ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییەدا.

 

دوای ئەوەی کە ڕێککەوتنی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٥ دا لە نێوان ئێران و تاقمی پێنج کۆ یەک واژۆ کرا، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی وەک بەرپرسی تاقیکردنەوەی ڕاستییەکان ڕاپەڕاندنی ئەو بەڵێنانەی کە لە بەرجام دا ھاتووە گرتە ئەستۆو لەم بارەیەوە ڕاپۆرتی جۆربەجۆری بڵاو کردەوە.

 

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لە ١٥ ڕاپۆرتی یەک لە دوای یەک دا دانی نا بە ھاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئەم دامەزراوەیەداو جەختی کرد لە سەر ئاشتیانە بوونی چالاکییە ناڤۆکییەکانی ئێران.

لە ئاوا دۆخێکدا گەورەکردنەوەی دوو داخوازیی دەستڕاگەییشتن بە دامەزراوە ناڤۆکییەکانی ئێران لە لایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکییەوە ئەویش بە پشتبەستن بە زانیاریی بانگەشەکراوو شۆڤاریانەی ئیسرائیل، بنەمایەکی یاسایی نییەو جێ و شوێنی ئەم دامەزراوە بەرپرسە دەخەوشێنێت.

 

دیارە لەم دۆخەدا ھاوکاریی باش و ئاست بەرزی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی دەبێ بکرێتە بنەماو داخوازییەکانی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، کەچی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لەژێر گوشاری سیاسیی ئەمریکاو ھاوتەریبیی سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی ئەندامی بەرجام، داوای شتێک لە ئێران دەکەن کە ھیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستییە ھونەرییەکانەوە نییە.

Image Caption

 

لەم بارەیەوە «کازم غەڕیب ئابادی»ی باڵوێرو نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لای ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان سەقامگرتووی ڤییەنا، لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە پەسەندکرانی بڕیارنامە دژی ئێرانییەکەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسەکە وتویەتی: ئەم بڕیارنامەیە  بێجگە لە پاوانخوازی و زێدەویستی نەبێت، ھیچی تر نییەو دیارە ئێران ئەو زیادەویستییە بە تەواوی ڕەت دەکاتەوەو ھەنگاوی ھاوتەریب و گونجاو لە بەرامبەر بڕیارنامەکەی ئەنجومەنی بڕیاردەران ھەڵدەگریت.

 

دیارە ھەرچەشنە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستییەکان پێویستی بە ھاوکاریی نیازپاکانەی ھەردووک لایەنی ئێران و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکییە و بە سەرنجدانی ئەو ئاسانکارییانەی کە ئێران بۆ ئاژانسی کردووە،، داخوازیی دەستڕاگەییشتنی تازە لە چوارچێوەی ترۆئیکای ئەورووپی دا دەربڕی بەرنامەیەکی سیاسی و ناپرۆفشناڵە.

سەرپەیڤ