تشرینی یه‌که‌م 28, 2020 22:51 Asia/Tehran
  • مەکرۆن و ھەڵوێستێکی دووفاقانە

لەم دواییەدا کردەوەی وانەبێژێکی مێژوو لە فەرەنسادا لەمەڕ پیشاندانی ھێندێک کاریکاتێری سوک لە پێغەمبەری ئیسلام(ص) لە سەر پۆل و کوژرانی بە ھۆی لاوێکی چیچانییەوە دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە ئاستی جیھاندا پەیداکرد. دوابەدوای ئەم کارە دەوڵەتی فەرەنسا ھەوڵی دژی موسڵمانانی توندتر کردەوەو وێڕای وەدەرنانی دەیان کەسیان، ڕەوتی داخستنی مزگەوت و ناوەندە ئیسلامییەکانی لەم وڵاتە پەرە پێ داوە.

لە لایەکی دیکەوە «ئێمانۆئێل مەکرۆن» سەرۆک کۆماری فەرەنساش لە باتی ھەوڵ دان بۆ کەم کردنەوەی کردەوەی دژە ئیسلامی لەم وڵاتەدا، دەستی کردووە بە بەرەڤانیی نالۆژیکانە لە دژایەتی کەرانی ئیسلام بە بیانووی بەرەڤانی کردن لە ئازادیی بەیان و لە سەر بەردەوام کرانی دژومنایەتی کردنی ئیسلام لەم وڵاتەدا جەختی کردووە. ناوبراو لەم دواییەدا لە ھەڵوێسێتکی کرێت و دووفاقانەو لەوپەڕی پڕکێشی دا ڕایگەیاندووە کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە سەر بڵاو کردنەوەی کاریکاتێری سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام(ص).

بە قسەی دکتۆر عەبدوڵڵای گەنجی کارناسی سیاسی، ماوەیەک لەمەوپێش لە فەرەنسا سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام کراو مەکرۆن وتی ئیدانەی ناکات چونکو ئەمە ئازادیی ڕادەربڕینە، کەچی ئێستا ئەردوغان قسەیەکی کردووە کە بۆنی سوکایەتی بە سەرۆک کۆماری فەرەنسای لێوە ھەست پێ دەکرێت و ھەر لە بەر ئەمەش مەکرۆن باڵوێزەکەی خۆی لە تورکیا بانگ کردووەتەوە. وا دیارە لە ئازادیی ڕۆژئاوادا ڕێزی سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە پەیامھێنەرێکی ئیلاھی بە یەک و نیو ملیارد شوێنکەوتووەوە زیاترە.

ڕەوتی دوژمنایەتی کردنی ئیسلام و ڕابواردن بە بیروباوەڕی موسڵمانان لە فەرەنسا کە نزیکەی لەسەدا دەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە پەرەی سەندووە. لە ئێستادا ئەم وڵاتە بووەتە مەکۆی زیاترین ھێرشی پڕوپاگەندەیی دژی ئیسلامی لە چوارچێوەی ئیسلام ترسێن کردن دا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وادیارە  ئازادیی ڕادەربڕین لە بواری دژایەتی کردنی ئیسلام بە تەواوی ڕەچاو دەکرێت و کەچی لە نمونەگەلێکی وەک دڕدۆتگی لە بارەی ھۆلۆکاستەوە نەک ھەر ئازادیی ڕادەربڕین لە ئارادا نییە،بەڵکو ئەوانەی وا گومانیش لەم بابەتە بکەن دادگایی دەکرێن و زیندانیان بۆ دەبڕدرێتەوە.

لە ئێستادا کرداری دژی ئیسلامیی دەوڵەتی فەرەنسا، ڕقی موسڵمانانی لە وڵاتانی جۆربەجۆر ھەستاندووە. بە جۆرێک کە لە زۆربەی وڵاتان موسڵمانان داوای بایکۆت کرانی کەل و پەلی فەرەنسی دەکەن.

سەرپەیڤ