تشرینی دووه‌م 24, 2022 14:34 Asia/Tehran
  • ئێران داوای داماڵینی چەک لە تیرۆریستانی باکووری عێراقی کرد

نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکات لە بواری داخستنی بارەگاکان و چەکداماڵینی تیرۆریستان لە باکووری ئەم وڵاتە.

ڕۆژی دووشەممە، یەکەکانی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی جارێکی دیکە بارەگای گرووپە تیرۆریستییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەولێری ھەرێمی کوردستانی عێراقیان کردە ئامانج.

هێرشی دژی تیرۆریستانی جوداخواز لە دۆخێکدا ئەنجام دەدرێن کە ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هۆشداری دابوو کە ئەگەر حکومەتی عێراق هەنگاوی پێویست لە ھەمبەر ئەو گروپانە ھەڵنەگرێت، ئەوا هێرشەکانی دژ بەو گروپانە لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەکات.

لە ڕووی یاساییەوە، بە پشتبەستن بە مادەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی ئەوەی هەیە تاکلایەنە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژ تیرۆریستانی چەکدار ئەنجام بدات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە مۆڵگەی تیرۆریستان لە باکووری عێراق ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ئەم ڕێکخراوەیە کرد.

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر بەرپرسایەتیی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی کاریگەری تەواوی خاک و سنوورە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتە، بەڵگەی حاشا هەڵنەگر و زانیاری باوەڕپێکراوی پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە سەبارەت بەو گروپە تیرۆریستی و جوداخوازانەی کە خاکی عێراق  بۆ پلاندانان و پشتیوانی و ڕێکخستن و جێبەجێکردنی کاری تێکدەرانەو تیرۆریستی دژی ئێران، بەکار دێنن.

نوێنەری ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە، لە میانی چەندین خولی دانوستان و ڕاوێژی دوو قۆڵی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی ئێراق، لەوانە سەردانی ئەم دواییەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ تاران لە ٣ی تشرینی دووھەمی ١٤٠١، ئێران داوای ڕادەستکردنەوەی کەسانێکی کرد کە تاوانی تیرۆریستییان ئەنجامداوە ھەتا لە دادگاکانی ئێران دادگایی بکرێن. هەروەها داوای ئەوەشی کرد کە بارەگاکانی ئەم گروپە تیرۆریستییانە و ئۆردوگاکانی مەشق و ڕاهێنانیان دابخرێن و ئەندامەکانیان چەک بکرێن.

نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند: ئێران هەروەها جەختی لە پێویستیی بوونی هێزە سەربازییەکانی عێراق لە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی دوو وڵات کردووەتەوە.

وەفدەکە ئەوەشی خستەڕوو کە شاندی عێراقی بەو داواکاریانە ڕازی بووە و پابەند بووە بە داڕشتنی خشتەیەکی زەمەنی بۆ تەواوکردنی چەکداماڵینی ئەو گروپە تیرۆریستیانە.

نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: بەداخەوە تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە نەگیراوەتەبەر و هەر بۆیە ئێران سوورە لە سەر داخوازییەکەی لەمەڕ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی ئەوەشی کردووە کە: لەم دۆخەدا ئێران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە بەکارهێنانی مافی ئاسایی خۆی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە پێناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و بەرگریکردن لە گەلەکەی و لەم دواییانەشدا ئۆپراسیۆنی سەربازی و پێویستی دژی تیرۆریستانی سەقامگرتووی ھەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دا کە بە وردی پلانی بۆ داڕشت  و ڕێک شوێنی تیرۆریستانی کردە ئامانج.

نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی ڕێز لە ئاسایشت و سەقامی عێراق دەگرێت و جارێکی دیکە جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی و سەروەریی کۆماری عێراق دەکاتەوە.

سەرپەیڤ