کانونی یه‌که‌م 04, 2019 18:33 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی دەست بەسەردا گیرانی ١٣ پاپۆڕی یەمەنیی ھەڵگری سووتەمەنی و خۆراک لە لایەن ھاوپەیمانیی سەعودییەوە

کۆمپانیای نەوتی یەمەن ڕایگەیاند:ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی ھەروا لەسەر دەست گرتن بە سەر ١٣ پاپۆڕی ھەڵگری سووتەمەنی و خۆراک، بەردەوامە.

کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: سەرباری ئەوەی کە ناردراوی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ یەمەن لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆی دا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشت باسی چوونی پاپۆڕگەلی ھەڵگری سووتەمەنی بۆ بەندەری حودەیدەو نەھێشتنی لەمپەری لەم بارەیەوە کردووە، کەچی ھاوپەیمانیی سەعودی پاپۆڕەکانی مۆڵەتداری ھەڵگری سووتەمەنیی بۆ بەندەری حودیدەی ڕاگرتووە ھەتا لەم ڕێگایەوە پەرە بە کوێرەوەری و چەرمەسەریی خەڵکەکە بدات.

«زەید وەشلی» سەرۆکی پاسەوانی گوێئاوەکانی بەشی دەریای سووری یەمەن وتوویەتی: ھاوپەیمانیی سەعودی لە بارەی پاپۆڕەکانەوە کردەوەی سەرەڕۆیانە ئەنجام دەدات، بە تایبەت ڕێگرە لە بەردەم  چوونەدەرەوەیان لە ئاوەکانی یەمەن یاخود ئەوەی کە ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە بۆ بەندەری حودەیدە، بەبێ ئەوەی کە ھیچ بەڵگەو پاسادانێکیشی ھەبێت.

وەشلی داوای لە ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش کردووە کە بە قەبووڵ کردنی ئەرک و بەرپەرسایەتییەکانی، ھاوپەیمانیی سەعودی ناچار بکات ئەو ھەڵس و کەوتانەی کە بەپێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکانیشن ڕابگرێت، چونکو بەو ھەنگاوە سەرەڕۆیانەیەی ڕەنج و چەرمەسەریی یەمەنییەکان زیاتر دەکات.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەوبە پاڵپشتیی ئەمریکا لە مارسی 2015 ەوە هێرشێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کرد و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە.

شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان لە یەمەن کوژرانی پتر لە شانزەهەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ژمارەیەکی زۆری یەمەنییەکانی لێ کەوتووەتەوە  ئەمەو لە لایەکی دیکەوە داخرانی بوارگەکانی یەمەن ئەم و ڵاتەی لەگەڵ قەیرانی مرۆڤی دا بەرەوڕوو کردووەتە، بە جۆرێک کە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان باسی ئەوەیان کردووە کە لە هەر دە خولەکێک دا منداڵێکی یەمەنی لە بەر باری خراپی خواردن و نەخۆشیی گیانی خۆی لە دەست دەدات.