کانونی یه‌که‌م 12, 2019 17:53 Asia/Tehran
  • زەیتی عەفرین دەدزرێت و هەناردەى تورکیا دەکرێت

جێگری سەرۆکی جەهەپە ووتی : زەیتی عەفرین دەدزرێت و هەناردەى تورکیا دەکرێت.

جارێکی دیکە (زەیتی عەفرین) دەبێتە رۆژەڤی پەرلەمانی تورکیا. دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بۆ یەکەمجار دان بەوەدا دەنێن کە بازرگانیی نایاسایی بە زەیتی عەفرینەوە کراوە. پەرلەمانتارانی جەهەپە و هەدەپە دەڵێن: "داهاتی بە قاچاخ بردنى زەیت دیار نییە" و "بە لۆژیکی (غەنیمەت) بازرگانی بە زەیتەوە دەکرێت".  

ئوناڵ چەڤیکئۆز، پەرلەمانتار و جێگری سەرۆکی (جەهەپە) لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە (رووداو)ی گوت: "کۆمپانیای هاوپیشەیی بۆ متمانەپێکراوانی کشتوکاڵی ئاگادارە کە لە هەرێمی عەفرینەوە زەیت هاوردەی تورکیا کراوە. زانیاری هەیە کە ئەم زەیتەی هاوردەکراوە بە 41 کۆمپانیای بازرگانی فرۆشراوە. بەبیانووی (نهێنیی بازرگانی) نرخی کڕین و فرۆشتنی زەیتەکە ئاشکرا ناکەن.

تولای حەمیدئۆغڵو، ژنە پەرلەمانتاری هەدەپە و ئەندامی لیژنەی بودجە لە پەرلەمانی تورکیاش، دانپێدانانی بەرپرسانی تورک پەیوەست بە بازرگانیکردن بە زەیت و زەیتوونی عەفرین وەکو "غەنیمەتی شەڕ" ناودەبات.  

تولاى گوتی: "باس لە هێنانی 52 هەزار تۆن زەیت دەکرێت کە دەکاتە نزیکی 250 هەزار تۆن زەیتوون. بەڵام تا ئێستا ژمارەیەکی وردمان لەبەردەست نییە. دەسەڵات تەنیا چەند رۆژێکە هێنانی زەیت و زەیتوونی قەبوڵ کردووە.

عەبدولسەمەد ئوجامان، سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی ئامەدیش گوتی: "ئەو کەسانەی لە عەفرین دەستیان بەسەر ماڵی کورددا گرتووە، بۆ بازرگانیکردن بە زەیت و زەیتوونی عەفرین لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى تورکیا رێککەوتوون. باس لە هێنانی 30 هەزار تۆن زەیتوون دەکرێت".

بەپێى ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە 20 ملیۆن دار زەیتوون لە عەفرین هەن. تاوەکو داگیرکردنى ئەو شارۆچکەیە لە سەرەتاى ساڵى 2018، بەرهەمهێنانی زەیت و دروستکردنى سابوون لە پاشماوەى زەیتوونى هاڕدراو، داهاتی سەرەکی دانیشتووانەکەی بووە. زۆربەی زەیتوونی عەفرین لە جۆری (زەیتیە) کە لەڕووی پێکهاتەوە بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانى زەیت دادەنرێ.

 دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و چەکدارانى ئەوەی پێیدەگوترێ "سوپاى نیشتمانیی سووریا" کە تورکیا پشتگیرییان دەکات، بە قاچاخبردنی زەیتی عەفرین بۆ تورکیا بووە رۆژەڤی میدیای جیهانی و تورکی. 

 لە 16ى کانوونی یەکەمی 2018 دا پێگەی ئەلمۆنیتۆر لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە کە دزینی زەیت و زەیتوون لە دوای داگیرکردنی عەفرین زیانی 100 ملیۆن دۆلاری بە ناوچەکە گەیاندووە.

سەرەڕای راپۆرتی میدیاکان، بەرپەرسانی تورک هەموو جارێک نکۆڵییان لەو زانیارییانە کردووە تا کۆبوونەوەی لیژنەی بودجە لە پەرلەمانی تورکیا لە رۆژی 19ى تشرینی دووەمی 2019. لە گفتوگۆکانى لێژنەکەدا بۆ یەکەمجار بەرپرسانی تورکیا دانیان بەوەدا نا کە لە رێگای چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریاوە زەیتی عەفرین رەوانەی تورکیا کراوە. 

 بەر لە داگیرکردنی عەفرین 300 کارگەی بەرهەمهێنانی زەیت لە عەفرین هەبوون، بەڵام دواتر بەشێک لە کارگەکان تاڵانکران و ئێستا تەنیا 150 کارگە کاردەکەن.