کانونی دوھەم 06, 2021 19:51 Asia/Tehran
  • کۆتایی ھاتنی گەمارۆکانی قەتەرو ئاشتییەکی سستەک

ڕێککەوتنی کۆتایی ھێنان بە گەمارۆی سەر قەتەر لە دانیشتنەکەی «ئەلعۆلا»ی عەرەبستانی سەعودی و لە پێواری سەرکردەکانی ئیمارات و میسرو بەحرەین و عوممان واژۆ کرا.

چل و یەکەمین دانیشتنی سەرکردەکانی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس، ڕۆژی ڕابردوو«٥ی ژانویە» لە شاری «ئەلعۆلا»ی عەرەبستانی سەعودی بەڕێوە برا. ئامانجی سەرەکیی ئەم دانیشتنە کۆتایی ھێنان بە گەمارۆی قەتەرو ئاشتی و سازانی نێوان ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە بوو.

ناکۆکیی نێوان قەتەرو چوار وڵاتی عەرەبستان و ئیمارات و بەحرەین و میسر لە پێنجەمی ژوئەنی ٢٠١٧ەوە دەستی پێکرا. ناڕەزامەندی لە سیاسەتی دەرەوەیی قەتەر ھۆکاری سەرەکیی ئەو ناکۆکیە بوو. ھەر چوار وڵاتە عەرەبییەکە دوای پچڕاندنی پەیوەندییان لەگەڵ قەتەردا ئەو وڵاتەیان گەمارۆداو سنوورەکانیان لە ڕووی داخست. ئینجا بۆ کردنەوەی سنوورەکانیان و بوژاندنەوەی پەیوەندی لەگەڵ قەتەردا ١٣ مەرجیان دیاری کرد کە نەرم و نیان کردنەوەی ڕوانگەی چالاکییەکانی کەناڵی ئەلجەزیرە، پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ حەماس و ئێخوانولموسلمین و پیاداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو مەرجانە بوون. بەڵام قەتەر وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەو مەرجانە ڕایگەیاند کە لەگەڵ سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەی دا یخک ناگرێتەوەو جێبەجێیان ناکات.

ئێستاکە پاش تێپەڕینی سێ ساڵ و نیو عەرەبستان لە کاتێکدا لەگەڵ قەتەر ئاشت دەبێتەوە کە قەتەر ھیچکام لەو مەرجانەی ڕانەپەڕاندوون.

بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە دانیشتنەکەی«ئەلعۆلا» بە نێوەندگڕیی کوێت و ئەمریکا ئەنجامی گرتووە. دەوڵەتی کوێت بەرلەوەش چەند جارێک ئاوا ھەوڵێکی دابوو بەڵام سودی نەبوو. وا دیارە ئەوەی وا بووەتە ھۆی سەرگرتنی خولی تازەی نێوەندگرییەکان و ڕێککەوتنی نێوان ڕیازو دەوحە شکست ھێنانی ترەمپ لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا یە.

لە لایەکی دیکەوە عەرەبستان پەرۆشی ئەوەیە کە بە ھاتنە سەر کاری دەوڵەتی «جۆبایدێن» لە ئەمریکا، ڕوانگەی بێ لایەنانەی واشێنگتۆن بەرامبەر بە ڕیاز پتەوتر بێتەوەو ھەر لە بەر ئەمە ئالی سەعود بە پاشگەز بوونەوەی لەو سیانزە مەرجەی کە بۆ قەتەری دانا بوو، ھەوڵی دا گرفتێکی ربەردەم خۆی چارەسەر کات.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەمەیە کە دانیشتنەکەی«ئەلعۆلا»  لە ھەل و مەرجێکدا بەڕێوە چوو کە لە نێوان شەش ڕێبەری جیھانی عەرەب تەنیا میرانی کوێت و قەتەر بەشداری دانیشتنەکە بوون و تەنانەت مەلیک سەلمانی پاشای سەعودیش بەشداریی دانیشتنەکەی نەکردو «موحەممەد» کوڕی کە دەکاتە پاشمیری عەرەبستان لە باتی باوکی ئامادەی دانیشتنەکە بوو. «ھەیسەمی کوڕی تاریق» سوڵتانی عوممان و «حەمەد بن عیسا ئالی خەلیفە» پاشای بەحرەینیش لە دانیشتنەکەدا نەبوون. ئیماراتیش لە باتی «موحەممەدی کوڕی زاید» پاشمبری ئەم وڵاتە، بڕیاری دا «موحەممەدی کوڕی ڕاشدی ئالی مەکتوم» دەستەڵاتداری دوبەی و جێگری سەرۆکی ئەم وڵاتە ڕەوانەی دانیشتنەکەی عەرەبستان بکات.

گەرچی میسر ئەندامی ئدەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس نییە، بەڵام لایەنێکی ناکۆکی لەگەڵ قەتەردا بووە.سەرباری ئەمەش «عەبدولفەتاح سیسی» سەرۆک کۆماری میسریش لە دانیشتنەکەی «ئەلعۆلا»دا بەشداریی نەکردو میسر بە ناردنی «سامح شوکری» وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە وەک سەرۆکی شاند ئاستی بەشداری کردنی لە دانیشتنەکەدا دابەزاند.

بەشداری نەکردنی پاشای بەحرەین، پاشمیری ئەبوزەبی و سەرۆک کۆماری میسر لە دانیشتنەکەی «ئەلعۆلا» دەربڕی ئەوەیە کە لە لایەکەوە عەرەبستان بەبێ ڕەزامەندیی سێ وڵاتەکەی دیکە لەگەڵ قەتەر ڕێککەوتووەو لە لایەکی دیکەوە ڕێککەوتن بۆ کۆتایی ھێنان بە ئاڵۆزی لە نێوان قەتەرو چوار وڵاتە عەرەبیەکەی دیکە، ڕێککەوتنێکی پتەوو قورس و قایم نییە.

سەرپەیڤ