ئاب 14, 2019 17:51 Asia/Tehran
  • ڕاوێژکاری کاروباری ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان: پێکھاتنی ناوچەی ئارام لە سووریادا دەبێتە ھۆی لێژ بوونەوەی دەست و پێوەندەکانی داعش بەرەو عێراق

ڕاوێژکاری کاروباری ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان وشداریی دا کە پێکھاتنی ناوچەی ئارام لە سووریادا دەبێتە ھۆی مەترسی بۆ سەر ناوچە سەرسنوورییەکانی عێراق و لێژ بوونەوەی چەکدارانی داعش بۆ ئەم ناوچانەی وڵات و بەتایبەت شنگال.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، مه‌حما خه‌لیل لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان ٢٤ ڕایگه‌یاند: بەهۆی نەبوونی کۆنتڕۆڵی تۆکمەوتەواوی ھێزەکانی دەوڵەت بە سەر سنوورە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و سووریا، چەکدارانی داعش بەئاسانی لەم ناوچانەوە ھاتوچۆ دەکەن و دزە دەکەنە نێو خاکی عێراق و بەتایبەت پارێزگای نەینەوا.

ڕاوێژکاری کاروباری ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان وشداریی دا کە پێکھاتنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا کە خەریکە لە لایەن ئەمریکاو تورکیاوە تاوتوێ و جێ بەجێ دەکرێت، کاریگەریی نەرێنیی زۆری لە سەر عێراق و بەتایبەت موسڵ و شنگال و دەشتی نەینەوا ھەیەو دەبێتە ھۆی  و لێژ بوونەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ ئەم ناوچانەی وڵات و بەتایبەت شنگال.

ناوبراو پێشتریش داوای کرد بوو بە مەبەستی پێشگرتن بە کشانەوەی ھێزی سەربازی لە شنگال و دامەزراندنی سەقام و ئاسایشت لەم مەڵبەندەدا ناوچەیەکی ئارام لە شنگال بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان و دابین کردنی ئاسایشتیان پێک بێت.

داعش لە سێھەمی ئوتی ٢٠١٤ پەلاماری شنگالی داو وێڕای قەڵاچۆ کردنی بەربڵاوی ئێزدییەکان، دەستی کرد بە ڕفاندن و بە کۆیلە کردنی زیاتر لە شەش ھەزار ژن و پیاوی ئێزدی و ئەم پەلامارەش ئاوارە بوونی ٣٦٠ ھەزار کەس لە حەشیمەتی ٥٥٠ ھەزار کەسیی کوردە ئێزدییەکانی دانیشتووی شنگالی لێ کەوتەوەو ئەم ئاوارانەش لە بەر نەبوونی ئاسایشت و ئاوەدان نەکرانەوەی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییە دەنگ و باشێک لە بارەی شاڵاوی دووبارەی داعش بۆ سەر ئێزدییەکان لە شنگال و کوژران و بریندار بوونی ئێزدییەکان و ھێزەکانی عێراقی لە ئەنجامی ئەم شاڵاوانە بڵاو بووەتەوە.