ئاب 22, 2019 09:01 Asia/Tehran
  • وەزیری بەرەڤانیی ئاڵمانیا: هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەکەین، سەربازانی ئاڵمانی لە کوردستان دەمێننەوە

وەزیری بەرەڤانیی ئاڵمانیا ڕایگەیاند: سەربازانی وڵاتەکەی لە کوردستان دەمێننەوە و لە سەر ڕاهێنانی سەربازیی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.

بە پێی ڕاپۆرتی کورد پرێس بە گێڕانەوە لە تەلەفزیۆنی کوردستان 24ەوە، «ئانگرت کرامپ کارن پاوەر» وەزیری بەرەڤانیی ئاڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە سیهەمی گەلاوێژ لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش دا لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان وتی: ئاڵمانیا هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەکات،

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمی کوردستانیش وێڕای ئاماژە کردن بە مەترسییەکانی داعش، وتی: خەباتی دژی تاقمی تیرۆریستی داعش لە داهاتوودا دژوارتر دەبێت و شەڕ ئیدی لە بەرەکاندا نابێت، بەڵکو داعش پێدزەی کردووەتە هەموو شوێنێکەوە.

بە قسەی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوکاری دەکات.

«ئانگرت کرامپ کارن پاوەر» وەزیری بەرەڤانیی ئاڵمانیا کە ڕۆژی سێ شەممە 29ی گەلاوێژ لە یەکەم گەشتی فەرمیانەی خۆی بۆ عێراق لە کاتی بە ئەستۆگرتنی پۆستەکەی، گەییشتە شاری بەغداو لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەم وڵاتە دیداری کرد، شەوی ڕابردوو لەپاش کۆتایی هاتنی گەشتەکەی لە پێتەختی عێراق لە ڕێگای فڕگەی نێونەتەوەیی هەولێرو لە جەنگەی پێشوازیی فەرمیی سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی هەرێمی کوردستان،گەییشتە ئەم ناوچەیە.

«ئانگرت کرامپ کارن پاوەر» وەزیری بەرەڤانیی ئاڵمانیا دوای نیوەڕڵی ڕۆژی چوار شەممە لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری کاروباری نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دیداری کرد.

وەزیری بەرەڤانیی ئاڵمانیا و وەزیری کاروباری نێوخۆیی هەرێمی کوردستان لەم دیدارەدا بە ئامادە بوونی شاندەکانی هەردووک لا بڕێک بابەتی گرینگی هاوبەشیان لێک دایەوە.

کارن پاوەر کە سەرۆکی پارتی دەستەڵاتداری دیموکرات مەسیحیی ئاڵمانیاشە، لە ڕەوتی گەشتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، هەزوەها چاوی بە کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی ئێزدی کەوت و سەردانی بنکەی موستەشارانی سەربازیی وڵاتەکەی و هێزە تایبەتییەکانی پێشمەرگە ناسراو بە زێرەڤانیشی کرد.

وەزیری بەرەڤانیی ئاڵمانیا بەرلە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستانیش لە شاری بەغدا لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای عێراق لەوانە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارو عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتەش دیدارو وتووێژی کرد بوو.