تشرینی یه‌که‌م 16, 2019 11:51 Asia/Tehran
  • رۆیتەرز : هەڵس و کەوتی ئەمریکا لەگەڵ کوردانی سوریا دەبێتەمایەی لاوازیی هەرێمی کوردستانی ئێراق

هەواڵدەریی رۆیتەرز نووسی: گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییەی سوریاو پرسی بەتەنیا هێشتنەوەی کوردەکان لەلایەن ئەمریکاوەو پەلاماری تورکیا بۆسەر ئەوان، دەریخست کە پشت بەستنی کوردەکان بە زلهێزانێکی وەک ئەمریکا ، نادروست بووە و ئەوەش کاریگەریی نگەتیڤی دەبێ لەسەر هەرێمی کوردستانی ئێراق کە چاوی هیوای بڕیوەتە ئەمریکا.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، گۆڕانکارییەکانی حەوتەی ڕابردووی سوریا و هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر باکوری ئەو وڵاتە، جارێکی دیکە پرسی خەیانەت بە کوردەکان لەلایەن ئەمریکای کردە بابەتی رۆژی میدیاکانی ناوچە و جیهان.

هەواڵدەریی رۆیتەرز ڕایگەیاند، ڕاگەیێندرانی هەواڵی چوونەدەری هێزە ئەمریکییەکان لەناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی کوردانی سوریا و بەتەنیا هێشتنەوەیان بوو بەهۆ هەتا هەرێمی کوردستان و کوردەکانی ئێراق، بکەونە دۆخێکی لاوازتر. کوردانی ئێراق بە دیتنی خەیانەتی ئەمریکا بە کوردانی سوریا، ئیدی ناتوانن وەک ڕابردوو پشت بە ئەمریکا ببەستن.

ئەو هەواڵدەرییە لەدرێژەدا دەنووسێ: بۆیە هەرێمی کوردستان ناچارە بەهۆی ڕەفتاری ئەم دواییەی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکانی سوریا، زۆرتر ڕوو بکەنە تەعامول و هاریکاری لەگەڵ بەغدا.

ژمارێک کارناس و شارەزای پرسی کوردیش وشدارییان دا، تورکیا پلان وبەرنامەی بەرفراوانی هەیە بۆ بەرتەسک کردنەوەی کوردەکان لەناوچەداو لەوانەیە گەر هێرشی تورکیا بۆسەر کوردەکانی سوریا سەرکەوتوو بێ، بەرنامەیەکی هاوشێوەش لەبارەی هەرێمی کوردستانی ئێراق جێ بەجێ بکرێ.

رۆیتەرز بەئاماژە بەوەی کە هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە ژیانی ئابوریی خۆی وابەستەی تورکیایە، پێی داگرتووە، دەستی هەرێمی کوردستان ئاوەڵا نییە بۆ یارمەتیدان بە کوردەکانی سوریاو تەنیا دەتوانێ کوردە ئاوارەکانی ئەو وڵاتە لە کەمپ و ئۆردوگاکان نیشتەجێ بکات.