عادل عه‌بدولمه‌هدی مه‌رجی خۆی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ که‌رکوک خستوه‌ته به‌رده‌ست به‌رپرسانی هه‌رێم
سه‌رچاوه‌یه‌کی هەواڵدەری ڕامیاریی ڕایده‌گه‌یه‌نێت کە له‌میانەی سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک وەزیرانی دەوڵەتی کاربه‌ڕێکه‌ری ئێراق بۆ هه‌رێمی کوردستان، عادل عه‌بدولمه‌هدی نه‌رمی نواندووه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ که‌رکوک.
سه‌رچاوه سیاسییه‌که که قسه‌ی بۆ سۆمه‌رییه نیوز کردووه ده‌ڵێت "شانده‌که‌ی به‌غدا که ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو به‌سه‌رۆکایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانی کرد، نه‌رمی نواندووه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ که‌رکوک، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی له‌چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتنێکی به‌رفراواندا بێت بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عێراق".
سه‌رچاوه‌که ده‌ڵێت، خاڵی ناکۆکی نێوان شانده‌که‌ی حکومه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردستان پرسی کردنه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا بووه له عێراق، چونکه کورد له‌گه‌ڵ کردنه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا نییه.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر، په‌رله‌مانتاری پێشووی تورکمانه‌کان له‌په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، "هێزی پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێته‌وه که‌رکوک چونکه له‌ئێستادا دانوستان و گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌یه".
په‌رله‌مانتاره‌که‌ی تورکمانه‌کان ده‌شڵێت "به‌شداریی کورد له پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌ت، یاخود دووباره کاندیدکردنه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران مه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ن بۆ که‌رکوک".