راگه‌یه‌ندراوی کۆبوونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان
دوێنێ کۆبوونه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان به سه‌رپه‌رشتی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ک له مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم و رێواز فایه‌ق، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا که شاندی دانوستانکاری هه‌رێمى کوردستان بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى داهاتووى حکومه‌تى فیدراڵى عێراق تێیدا به‌شدار بوو، گفتوگۆ کرا له‌باره‌ی ده‌ره‌نجامه‌کانى سه‌ردانى شاندى لایه‌نه کوردستانییه‌کان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ و کۆبوونه‌وه‌کانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌کان و محه‌مه‌د عه‌للاویی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى داهاتووی عێراق .
دواتریش له راگه‌یه‌ندراوێکدا جەختیان کرد لە سەر چەن خاڵ لەوانە پێداگری لە سەر ئەوەی کە کار بۆ پێکهێنانى حکومه‌تێک ده‌که‌ن که تواناى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى ئێستاى عێراقى هه‌بێت و کارى جددى بۆ گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى بۆ عێراق و ئاماده‌کارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته بکات و جێگه‌ى بڕوا و متمانه‌ى سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانى گه‌لى عێراق بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تا ئێستا له‌لایه‌ن عه‌لاوییه‌وه نراون بۆ زۆرێک له لایه‌ن و پێکهاته‌کانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنیایى و متمانه نین، بۆیه ڕاگەیەندرا که پێویسته پێداچوونه‌وه به شێوازى کار و به‌رنامه‌که‌ی عەلاویدا بکرێته‌وه، به جۆرێک که حکومه‌تى ئاینده داخوازیى هه‌موو پێکهاته‌کانى عێراق، بهێنێته دى.
داکۆکى و پێداگرى له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى کوردستان و ده‌سته‌به‌رکردنى سه‌رجه‌م مافه ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێم و ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کانیش لەو خالە گرینگانەی بوو کە جەختی کە سەر کرا.
هەروەها لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا پێداگری کرا لە سەر پڕمەترسی بوونی باروودۆخی ئێستای ئێراق و داوا کرا لە سه‌رکرده سیاسییه‌کانى عێراق له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنیشن و بگه‌نه بڕیارێکى یه‌کگرتووى نیشتمانى.