May 25, 2020 22:00 Asia/Tehran
  • شاندی ھەرێم بۆ جارێکی تر سەردانی بەغدا دەکاتەوە

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی تر ڕاستەوخۆ لەدوای پشووی جەژن سەردانی بەغدا دەکات، بە وتەی سەرچاوەیەکیش شاندەکە ڕێککەوتن لەسەر ڕادەستکردنی داهاتەکانی نەوت و خاڵە گەمرگییەکان دەکات لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی لەبەرانبەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پشک و شایستە داراییەکان.

حەسەن ئاڵی پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عیراق، بە  ماڵپەڕی (خەڵک)ی ڕاگەیاند:”هەنگاوی ناردنی 400 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە، هەنگاوێکی ئەرێنییە ڕووەو چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان و بەستنی ڕێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و هەولێر”.

بە وتەی حەسەن ئاڵی”شاندەکەی حکومەتی هەرێم لەسەر هەموو دۆسیەکان گفتووگۆ لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی وەزیری دارایی دەکات، لە سەردانەکەشدا رێککەوتنی هەمەلایەنە لەنێوان هەردوولادا دەکرێت”.

بەپێی ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی عیراقیش، سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە”مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، ئەندامانی حکومەتەکەی ڕاسپاردووە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بکەن و دۆسیەی هەموو داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بخەنەڕوو، تا لەلایەن لیژنە پسپۆڕەکانەوە وردبینیان تێدا بکرێت”.

سەرچاوەکە دەڵێت”هەرێمی کوردستان  داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە  و داهاتی تەواوەتی خاڵە گومرییەکان ڕادەست دەکات، تا لەبەرانبەردا حکومەتی  عێراق مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و شایستە داراییەکانى تر ڕەوانە بکات”.

لە 22ی ئایاری 2020، وەزارەتی دارایی عیراق ڕەوانەکردنی 400 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند.