تشرینی یه‌که‌م 26, 2020 17:29 Asia/Tehran
  • 25 ئەندام پەرلەمانی ھەرێم یادداشتێکی بەپەرۆشییان گەیاندە کونسولخانەی فەڕەنسە

شاندێک لە پەرلەمانتارانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمەبەستی گەیاندنی یاداشتێکی نیگەرانیی و بە نوێنەرایەتی شەقامی مسوڵمانی کوردستان، سەردانی کونسوڵخانەی فەڕەنسایان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە نوسراوێکدا کە واژۆی 25 ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی لەسەرە، نیگەرانی خۆیان لەبارەی وتەکانی ئیمانوێل ماکرۆن و دروستکردنی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بە کۆنسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر ڕاگەیاند.

لەو نووسراوەیەدا هاتووە کە:  "سەرەڕای ئەوەی ستایشی رۆڵی سیاسی فەڕەنسا دەکەین لە خزمەتکردنی دۆزی رەوای گەلەکەمان و پشتیوانیە بەردەوامەکانی لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان، وەکوو نوێنەرانی گەلێکی دۆستی فەڕەنسا نیگەرانی دەردەبڕین سەبارەت بەو قسانەی کە لەچەند رۆژی رابردوودا بەرامبەر بە پیرۆزییە ئاینییەکانی زۆرینەی خەڵی کوردستان کراون، کە ئەویش  پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ)".

ئاماژە بەوەش کراوە : "بڕوامان بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی ئایینی و کۆمەڵایەتی هەیە، وەک چۆن پشتیوانی لە پێکەوە ژیانی سیاسی و فەرهەنگیش دەکەین، وڵاتێکی فرە کلتور و خاوەن شارستانی فڕەنساش نمونەی رۆشنگەری و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بووە و پێویستە سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانیشی بەهەمان دیدەوە بەرگری لەم پێکەوە ژیانە بکەن و رێز لە پیرۆزییەکان بگرن."

سەرپەیڤ