نیسان 07, 2021 20:47 Asia/Tehran
  • داخرانی بەرنامەکانی چەند کەناڵێک لە ھەرێمی کوردستان

وەزارەتی ڕۆشنبیریی ھەرێمی کوردستان لەبەر ناڕەزامەندیی خەڵک بەرنامەکانی چەند کەناڵێکی بۆ ماوەی حەوتەیەک داخست.

بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێم لە بەر نەگونجانی ناوەڕۆکی بەرنامەکانی چەند کەناڵێک لە گەڵ نەریتی کۆمەڵایەتی بڕیاری دا بۆ ماوەی حەوتەیەک ژمارەیەک بەرنامەی ھێندێک لە کەناڵە ئاسمانیەکان دابخات.

ئەو کەناڵانەی کە وەزارەتی رۆشنبیریی  حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی بەرنامەکانی بۆ دەرکردوون ، بریتین لە کەناڵەکانی «کۆڕەک»،«نێت تی ڤی»و«کورد ماکس».

وەزارەتی رۆشنبیریی  حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا کە بۆ کەناڵی ئاسمانیی «کۆڕەک»ی ناردووە جەختی لەوە کردووەتەوە کە، دوای پێشکەشکردنی بەرنامەی «نایت شۆ» تایبەت بە چاوپێکەوتن لەگەڵ هونەرمەندان و کچە مۆدێلەکان و خەڵکانی تر، ئەوە دەرکەوت کە زۆرێک لە گفتوگۆکانی نێو ئەو بەرنامەیە نەشیاوە و دورە لە نەریتی کۆمەڵایەتی، بەم پێیە ناڕەزامەندی و سکاڵایەکی زۆر ئاڕاستەی وەزارەتی رۆشنبیری کراوەو ئەم وەزارەتخانەیەش ھەستاوە بە دانی وەھا بڕیارێک.

لە نوسراوێکی دیکەدا بۆ کەناڵی «نێت تی ڤی»ش، کەناڵەکە ئاگادارکراوەتەوە لە بڕیاری داخستنی بەنامەی «نێت گرام»، کە بەهەمان شێوە تایبەتە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ هونەرمەندان و  کچە مۆدێلەکان و خەڵکانی دیکە.

وەزارەتی رۆشنبیری هاوکات لە نوسراوێکی دیکەدا کە ئاڕاستەی کەناڵی «کورد ماکس»ی کردووە، تیای دا کەناڵەکە لە بارەی بڕیاری داخستنی بەرنامەی «شۆمەگەزین» ئاگادارکراوەتەوە، کە بەپێی نوسراوەکانی وەزارەتەکە ناوەڕۆکی بەرنامەکە لەگەڵ کلتور و دا بو نەریتی کۆمەڵگەی کوردی دا ناگونێت.

سەرپەیڤ