نیسان 22, 2021 05:18 Asia/Tehran
  • قوباد تاڵەبانی: هەرێم پابەندە بە ناوەڕۆک و دەقەکانی یاسای بودجەی عێراقەوە

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و باڵوێزی بریتانیا لە عێراق کۆبوونەوەو جەختیان لە گرینگیی ئەنجام دانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عێراق کردەوەو پابەندبوونی هەرێمی کوردستانیان بە ناوەڕۆک و دەقە یاساییەکانی بودجەی عێراق تاوتوێ کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «قوباد تاڵەبانی» جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوار شەممە پێشوازی لە «ستیفان هیکی» باڵوێزی بریتانیا لە عێراق کردو لە کۆبوونەوەیەکدا هەردووک لا جەختیان لەگرینگیی بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عێراق کردەوە کە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی بکات. 

ئەوەشیان ئاشکراکرد کە، پەسەندکردنی یاسای بودجە بە ڕەزامەندیی هەولێر و بەغدا دەستپێکێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی فیدراڵ. هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی یاساکە، لای خۆشییەوە.

ھەر لە دیدارەکەدا «قوباد تاڵەبانی» پابەندبونی هەرێمی کوردستانی بە ناوەڕۆک و دەقەکانی یاساکە دوپات کردەوە و راشیگەیاند بەم نزیکانە شاندی دانوستانکاری هەرێم جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

لەبارەی ڕەوشتی ناوخۆی کوردستانیش هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری سیاسیی هەرێم، لای خۆیەوە باڵوێزی بریتانیا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند،" لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان یارمەتیدەر دەبن بۆ پێشخستنی سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

سەرپەیڤ