May 14, 2022 07:07 Asia/Tehran
  • بە ھۆی بایکۆتی سەر روسیاوە ، سزا خرایە سەر نەوتی هەرێمی کوردستان

بەهۆی ئەو سزایانەی لەسەر کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕوسی هەیە، سزا خراوەتەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان و دەست بەسەر داهاتەکەی دا گیراوە.

بیلال ڕەئوف ڕۆژنامەنووس و شارەزای ئابوریی ڕایگەیاند، نەوتی هەرێم بەهۆی کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕوسیەوە سزای خراوەتەسەر و کێشە بۆ 60 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دروستبووە.

وتیشی، “ماوەی 45 ڕۆژە دەست بەسەر داهاتی فرۆشتنی 60 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەرێمدا گیراوە”.

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەرێمی کوردستان پەنای بردووەتەبەر وڵاتانی کەنداو تا جێگەی کۆمپانیا ڕوسییەکان لە هەرێم بگرنەوە، وەک ئەوەی ئەو شارەزایە ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، لە بەرامبەردا باڵیۆزی ڕوسیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردوە و لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و پارتی و یەکێتی کۆبووەتەوە و هۆشداریداوە بە بەرپرسانی هەرێم کە کۆمپانیا ڕوسییەکان دورنەخەنەوە.

پێشتر هەریەک لە لیزا فەلەکەدین و هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتارانی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایانگەیاند، سەرهەڵدانی کێشەی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا قەیرانێکی وزەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە گەورە کۆمپانیاکانی ڕوسیا بەشدارە لە پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئەمەش کێشەیەکی کاتی بۆ فرۆشتنی بڕی 60 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ مانگی ئادار دروستکردووە.

 

سەرپەیڤ