ئادار 18, 2023 23:44 Asia/Tehran
  • سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوو لە وەزیرەکانی یەکێتی: بگەڕێنەوە

«مەسرور مەسعود بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا له‌جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاریی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ئێوارەی رۆژی شەممە بە ئامادەبوونی «مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و 40 باڵیۆز و 83 نوێنەری وڵاتان، ئاهەنگی یادەکانی ئادار و نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە چیای کۆڕەک بەڕێوەچوو.

مەسرور بارزانی وتارێکی‌ پێشکه‌شکردو ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند، "خۆشحاڵم دەتوانم بڵێم دوای چەندین کۆبوونەوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانمان لە حکومەتی فیدراڵی گەیشتووینەتە هەندێک رێککەوتنی سەرەتایی.

"وتیشی، "لە دوایین کۆبوونەوەشم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، رێککەتووین کێشە و جیاوازییەکانمان بگۆڕین بۆ دەرفەت، زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەین و پلان دابنێین، بزانین چۆن بەرەو پێشەوە بڕۆین و هەماهەنگی بکەین.

لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی‌: ئێمە لەهەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەتایبەتی لەم بۆنەیەدا کە دوای دوو رۆژی دیکە ساڵی نوێیە، راگەیەندراوێکم دەبێت و لەو راگەیەندراوەمدا ئاماژە بەوە دەکەم کە پێمان باشە جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاریی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بکەنە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەرپەیڤ