شوبات 10, 2022 09:15 Asia/Tehran
  • حەکیم: ئەگەر بەرژەوەندیی گشتی زاڵ ببێ، ھەلی چارەسەریی قەیرانی عێراق دەڕەخسێت

«عه‌ممار حه‌كیم» سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند: ده‌كرێت قه‌یرانی سیاسی چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌گه‌ر خواستی چاره‌سه‌ركردن هه‌بێت و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی زاڵ بێت به‌سه‌ر هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی دیكه‌دا.

«عه‌ممار حه‌كیم» سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق ڕۆژی چوارشەممە  له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا جەختی لەوە کردەوە،  پێشوازیمان له‌ «چانگ تاو» باڵوێزی كۆماری چین كرد و بیروڕامان ئاڵوگۆڕكرد له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچه‌كه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كانی نێوان به‌غداو په‌كین، جه‌ختمان له‌گرنگی هاریكاریی ئابوری له‌گه‌ڵ چین و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ خوازیارن له‌ عێراق كاربكه‌ن له‌ڕوانگه‌ی هاوكاری هاوبه‌شه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و گه‌شه‌پێدانی ئابوری.

«عه‌مار حه‌كیم» له‌و دیداره‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی گۆڕینی ڕێككه‌وتننامه‌كانی نێوان عێراق و چین بۆ به‌رنامه‌ی كرداری كردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌: عێراق ئاماده‌یه‌ بۆ ھاوکاری لەگەڵ هه‌موان به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیی و مافه‌كان.

له‌باره‌ی دۆخی سیاسیی عێراقیشه‌وه‌، عه‌ممار حه‌كیم باسی له‌وه‌كردووه‌، قه‌یرانی سیاسیی عێراق چاره‌سه‌ر ده‌كرێت ئه‌گه‌ر خواستی چاره‌سه‌ركردن هه‌بێت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌رژه‌وه‌ندییە تایبه‌تیه‌كانیان بخه‌نه‌ پێش هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی دیكه‌وه‌.

عه‌ممار حه‌كیم جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستیی پێكهێنانی حكومه‌تێك كرده‌وه‌ كه‌ خزمه‌تكاری خه‌ڵكه‌كه‌ی بێت و توانای دابینكردنی خزمه‌تگوزاری و دابینكردنی هه‌لی كاری هه‌بێت.

سەرپەیڤ