بەردەوامیی پەلامارەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە و کەرتی ڕۆژاوا و هەڵکشانی ژماری شەهیدانی غەززە
سەرەڕای ئاگربەس لە غەززە، سوپای ڕژێمی زایۆنی بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر غەززە و کەرتی ڕۆژاوا، هەروەها ژماری شەهیدانی غەززەیش زیاتر بووە.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند: ژمارەی شەهیدانی شەڕی جینۆساید لە غەززە هەڵکشاوە بۆ ٧٣ هەزار و ٤٥٤ شەهید . وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند: لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی ٥ شەهید و ١٤ برینداری فەلەستینی بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان گواستراونەتەوە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لەدوای ڕاگەیەندرانی ئاگربەسی کەرتی غەززە لە ١١ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا هەزار و ٣١٨ کەس شەهید بوون و چوار هەزار و ٣٧٥ کەسیش بریندار بوون و لەم ماوەیەدا ٨١٥ تەرم لە ژێر داروپەردووەکان دەرهێنراون. ژمارەی شەهیدانی فەلەستینی لە سەرەتای دەسپێکی دەستدرێژیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـەوە بۆ ٧٣ هەزار و ٤٥٤ شەهید زیادی کردووە و زیاتر لە ١٧٤ هەزار و ٤٨٦ کەسیش هەر لەژم ماوەیەدا بریندار بوونە. لە هەواڵێکی دیکەدا، هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، پەلاماریان کردە سەر چەند شار و گوند و کەمپی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژاوا.لە هەمان کاتدا کە هێزەکانی داگیرکەری زایۆنی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر شار و گوند و کەمپەکانی فەلەستین لە کەرتی ڕۆژاوا دەستپێکردبوو، ژمارەیەک لە شارۆچکەنشینانی زایۆنیش بە پشتیوانی سوپای داگیرکەر هێرشیان کردە سەر فەلەستینییەکان کە ئەوەش بووە هۆی شەڕ و پێکدادان و دەستبەسەرکردن و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی فەلەستینییەکان. هێزەکانی سوپای داگیرکەری زایۆنی هەروەها هەڵیانکوتایە سەر گوندی دێرسامەت لە باشووری ئەلخەلیل و بەرەو ناوچەی تاروسا پێشڕەوییان کرد و چوونە ناو ماڵێک لە شاری یاتا. هەروەها شارۆچکەنشینانی زایۆنیش هەڵیانکوتایە سەر ماڵێکی فەلەستینی لە گوندی غوین کە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی ئەلسەمووع. لە جەنین و دەوروبەری ئەم شارەیش، شەڕ و پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە نێوان شارۆچکەنشینانی زایۆنی و فەلەستینییەکان لە زەوییەکانی شارۆچکەی عەرابە ڕوویدا کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای جەنین. هێزەکانی سوپای داگیرکەری زایۆنی هەروەها هێرشیان کردە سەر گوندی بەیت قاد لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی عەرابە و چوونە ناو ژمارەیەک لە ماڵی فەلەستینیەکان. هەروەها هەڵیانکوتایە سەر گوندی دێرغەزالە لە ڕۆژهەڵاتی جێنین. لە نابلۆسیش، هێزی داگیرکەری زایۆنی پەلاماری گوندەکانی مادەما و عەوەرتایان دا و شارۆچکەنشینانی زایۆنیش بە پشتیوانی سوپای داگیرکەر هەڵیانکوتایە سەر گوندی عەوەرتا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی نابلوس. هەروەها پارێزگاکانی ڕامەڵڵا، ئەلبیرە، توباس و تولکەرمیش بوونە گۆڕەپانی تەڕاتێن و هێرشی دڕندانەی هێزی داگیرکەری ڕژێمی زایۆنی. هێزە داگیرکەرەکان لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی فەلەستینییەکان لە گوندی ئەلموغیر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ڕامەڵڵا دەستیان کردە تەقاندنی گوللەی هەڵگری گازی فرمێسکڕێژ.