وتەبێژی یەبەشە: نزیک بە ٥٠٠٠ کەس لە هێزەکانمان تێکەڵی نێو سوپای عێراق دەبن
وتەبێژی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال(یەبەشە) وتی کە لەنێوان ٤٥٠٠ بۆ ٥٠٠٠ کەس لە هێزەکانیان دەچنەنێو ریزی هێزە عێراقییەکانەوەو پرۆسەی تێکەڵبوون لەوانەیە هەتا ساڵێک بخایەنێ.
هادی ئیلیاس وتی: بەپێی ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کراوە، پاش تێکەڵبوون، ئەو کەسانە، مووچەو ئەرکی هاوشێوەی سەربازان و ستافی حکومەتی عێراقیان دەبێ. مووچەی ئەو هێزانە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دەدرێ و یارمەتیی خانەنشینیش وەردەگرن.
ناوبراو لەبارەی هێزی ژنی نێو یەبەشەش وتی: لەهەر شوێنێک کە یەبەشە جێگیربێت، ژنانیش لەنێو هێزەکانی ئامادە لەوێ دەبن.
جگە لەوە، ژمارێک لەوان لە نێو پۆلیسی کۆمەڵایەتیدا خزمەت دەکەن. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، فەرماندەرانی ژنی پلەباڵاش لەنێو سوپای عێراقدا، دەبنە خاوەن پۆست و بەرپرسیارەتی لەئاستی باڵادا.
هادی ئیلیاس لە شیکردنەوەی هۆکاری پەیوەست نەبوونی ئەو هێزانە بە هێزی پێشمەرگەش وتی: شنگال لەباری جوگرافیایی و ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوا و لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق دایە؛ هێزی پێشمەرگە لەوێ بوونی نییە.