ته‌مووز 10, 2020 00:10 Asia/Tehran
  • کاربەدەستێکی سووری: تیرۆری سەردار سولەیمانی نمونەی تیرۆریزمی دەوڵەتییە

نوێنەری سووریا لە نووسینگەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی دیکەی سەقامگرتووی ژنێڤ جەختی کرد: کرداری ئەمریکا لەمەڕ تیرۆر کردنی فەرماندەی شەھیدی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی،نمونەی تیرۆریزمی دەوڵەتییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا «سانا»، «حسامەددین ئاڵا» نوێنەری سووریا لە نووسینگەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی دیکەی سەقامگرتووی ژنێڤ ڕۆژی پێنج شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: تیرۆری سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی شەھیدی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە ڕۆڵێکی بەرچاوو دیاری لە خەباتی دژی تیرۆریزم ھەبو، نمونەی دڕندەکاری و تیرۆریزمی دەوڵەتییە مە ئەمریکا بە ھۆی ھێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیەوە ئەنجامی دا.

«حسامەددین ئاڵا» وتیشی: کەڵک وەرگرتنی ئەمریکاو ئیسرائیل لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە دەست درێژکاریی سەربازی و تیرۆریزمی دەوڵەتی، لە بەر بێ دەنگە لێکردنی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و لێنەھاتوو بوونی لە بەرنگار بوونەوەی ئاوا کردارگەلێکە کە ئاشتی و ئاسایشتی نێونەتەوەیی دەخاتە مەترسییەوەو پێشێلکەری یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

«ئاگنێس کالامار» کارناسی تایبەتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنج شەممە بە ئاراستەکردنی ڕاپۆرتێک لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: لە تیرۆری سەردار سولەیمانی دا بۆ یەکەمجار دەوڵەتی ئەمریکا لە بنەمای بەرگری کردن لە خۆی بۆ پاسادانی ھێرش کردنە سەر کەسایەتییەکی دەوڵەتی لە خاکی وڵاتێکی سێھەم دا، کەڵکی وەرگرت کە دیارە کارەکەی نایاسایی بووە.

سەرداری سپەھبۆدی شەھید حاج قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس یاریدەری سەرکردەی ھێزەکانی حەشدی شەعبیی عێراق ھاوڕێ لەگەڵ ھەشت کەسی دیکە لە ئەندامانی ھێزی خۆڕاگری، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ھەینی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ی کۆچیی ھەتاوی بە فەرمانی دۆناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھێرشێکدا کە بە ھۆی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سەربازیی ھێزە تیرۆریست و داگیرکەرەکانی ئەمریکا لە نزیکی فڕگەی بەغدا ئەنجامی گرت، شەھید کرا.