دانوستانەکانی ئاستانە لەبارەی رەوشی سوریا دەستپێدەکەنەوە
وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، دوای گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران، بڕیاردراوە کۆتایی ئەم مانگە گفتوگۆکانی ئەستانە لەبارەی رەوشی سوریا لە کازاخستان دەستپێبکاتەوە.
میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وهزیری دهرهوهی روسیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندوە، بەشێوەیەکی سەرەتایی مۆسکۆ، تاران و ئەنقەرە رێککەوتون لەسەر ئەوەی کۆتایی ئەم مانگە گفتوگۆکانی ئەستانە لەبارەی رەوشی سوریا لە کازاخستان دەستپێبکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دیاریکردنی ئەو وادەیەش دوای راوێژ بوە لەگەڵ حکومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، ئەوەش قۆناغێکی دیکەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی سوریا، دوای ئەوەی دوایین خولی گفتوگۆکانی ئەستانە کە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردو بەڕێوەچو، لایەنەکان لەسەر رەشنوسێک رێکنەکەوتن.
روسیا، ئێران و تورکیا ئەو سێ وڵاتەن کە بە وڵاتانی پشتیوان لە گفتوگۆکانی ئەستانە ناویان دەبردرێن، کۆکن لەسەر ئەوەی قەیرانەکانی سوریا بەدەر لە چارەسەری سیاسی، بەهیچ رێگەیەکی دیکە کۆتایی پێناهێنرێت، بۆیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی سوریا، بەسەرپەرشتی هەرسێ وڵات، گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی ئەستانە دەستپێدەکاتەوە.