May 30, 2020 09:46 Asia/Tehran
  • وەزاڕەتی دەرەوەی ئێران : دەنگی ناڕازیان  لە ئەمریکا دەبێ ببیسرێ

وەزاڕەتی دەرەوەی ئێران بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە سەرکوتکردنی ئەمریکیە رەنجکێشاوەکان و بەربەستیی مێدیاکان دەبێ خێرا بوەستێ ، رایگەیاند : دەنگی ناڕازیان لە ئەمریکا دەبێ ببیسرێ .

بە پێی راپۆرتی ئیرنا ، وەزاڕەتی دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی داخ و مخابن لە کوژرانی رەش پێستان لە ئەمریکا لەسەر تۆڕی کۆمەڵاییەتی توویتەر نووسی : کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵاواردنی نەژادیی مەرگهێن لە ئەمریکا شەرمەزار دەکات و لە کاربەدەستانی ئەمریکی دەوێ دادوەری لە بارەی ئەم جۆرە کوشتنانە جێبەجێ بکەن .

لە تازەترین نمونەی کوشت و بڕی نژادی  پۆلیسی ئەمریکادا، ڕۆژی دووشەممە ئەفسەرێکی سپی پێستی ئەمریکا شارومەندێکی ڕەش پێستی لە شاری «مینیاپۆلیس»ی ئیالەتی «مینەسوتا» خنکاند.

جەماوەری شاری «مینیاپۆلیس» لە ڕۆژی سێ شەممەوە بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە کوژرانی ئەو پیاوە ڕەش پێستە ٤٦ ساڵەیە لە لایەن پۆلیسە سپی پێستەکەی ئەمریکاوە لە شەقامەکانی ئەم شارەدا خەریکی خۆپیشاندانن.

کەناڵی «سی ئێن ئێن»ی ئەمریکا شەوی ھەینی باسی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی کردو ڕایگەیاند: لانیکەم دوو شاری گەورەی دیکەی ئەمریکاش گۆڕەپانی ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ڕەگەزپەرستی و ھەڵس و کەوتی توندوتیژی پۆلیسی ئەم وڵاتە لە گەڵ ڕەنگین پێستەکانن.

قەڵاچۆی شارومەندانی ڕەش پێستی ئەمریکی بە ھۆی ھێزەکانی پۆلیسی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە توندتر بووەتەوەو ئەمەش بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی بزوتنەوەگەلی مەدەنی و دروست بوونی توندوتیژی و تەنانەت بشێویی چەند ڕۆژە لە بڕێک لە ئیالەتەکانی ئەمریکا.

بە شێوەیەکی ئاسایی دادگەکانی ئەمریکا، ئەوفەرمانبەرانەی پۆلیس کە دڕندەکاری دژبە ڕەش پێستەکان دەکەن ، بە تاوانبار نازانن و یان سزایەکی قورسیان بۆ لەبەرچاو ناگرن.