حوزه‌یران 30, 2020 02:25 Asia/Tehran
  • پەیامی سەرەخۆشیی مامۆستا مەلا قادر قادری دوابەدوای گیان لە دەست دانی  ژینگەپارێزان لە پاوە

مامۆستا مەلا قادر قادری، ئیمام جومعەی پاوە لە پەیامێکدا بە بۆنەی گیان لە دەست دانی سێ ژینگەپارێزی چالاکی ناوچەکە دوابەدوای ھەوڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە داستانەکانی «بۆزین و مەڕەخێڵ» کەوتەوە، سەرەخۆشیی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس لە پەیامەکەی مامۆستا مەلا قادر قادری  ئیمام جومعەی پاوەدا ھاتووە: بیستنی ھەواڵی دڵتەزێنی گیان لەدەست دانی سێ لاوی ئازیزی ناوچەکەمان، خوالێخۆشبووان موختار خەندانی ، بیلال ئەمینی و یاسیت کەریمی تەواو پەرۆش بووم و خەم دایگرتم، چونکو ئەو لاوە دلێرانەمان لە ئاراستەی پاسەوانی کردن لە سروشت و خزمەت کردن بە ناوچەکە گیانیان بەخت کرد.

کۆچی دوایی ئەو ئازیزانە لە بنەماڵە بەڕێزەکانی خەندانی، ئەمینی و کەریمی سەرەخۆشی دەکەم و لە خوداوەندی سوبحان بۆ ئەو کۆچکردووانە داوای ڕەحمەت و بۆ بنەماڵە داخدارەکانیشیان داوای تاقەت و پشوودرێژی دەکەم.