ته‌مووز 03, 2020 20:29 Asia/Tehran
  • سیاسەتەکانی ھەڵەی ئەمریکاو ئەورووپییەکان دەبێتە ھۆی لەبەر یەک ھەڵوەشانەوەی بەرجام

سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە سیاسەتەکانی ھەڵەی ئەمریکاو ئەورووپییەکان دژی تاران وتی: ئاوا ھەنگاوگەلێک نەک ھەر پێش بە ئێران ناگرێت، بەڵکو دەبێتە ھۆی لەبەر یەک ھەڵوەشانەوەی بەرجامیش.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ئیرنا، «کەمال خەڕڕازی» سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر ملھوڕایەتیی بیانییەکاندا بە چۆک دا نایەت، پێی داگرت:سیاسەتەکانی یەک لایەنەو ھەڵەی سێ وڵاتە  ئەورووپیەکەی ئەندامی بەرجام (بریتانیاو فەرەنساو ئاڵمانیا)و لە سەرەوەی ھەموویانەوە ئەمریکا لەمەڕ ڕاگرتنی چالاکییە ئاشتیانە ناڤۆکییەکەی ئێران بەردەوام دەرەنجامێکی بە پێچەوانەی ھەبووەو تاران سوورتر لە ڕابردوو لە سەر گەشە پێدانی تەکنۆلۆژیای ناڤۆکیی خۆی بەردەوام بووە.

«خەڕڕازی» ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە ھەڵس و کەوتی جێی گومانی «ڕافائێل گرۆسی» بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لە دیدارەکەی لەگەڵ «برایان ھوک»ی نوێنەری تایبەتیی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، وتیشی: ئەو دیدارە ئەوەی دەرخست کە پێوەبەستران و سەربەخۆ نەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ھەتا چ ڕادەیەکەو «گرۆسی» لە کێ فەرمان وەردەگرێت و ھەنگاوەکەی سێ وڵاتەکەی ئەورووپا لە کوێ بەرنامەی بۆ دیاری کراوە.

«کەمال خەڕڕازی» سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە بەردەوام کرانی ئەو سیاسەتە ھەڵانەی ئەورووپییەکان بۆ ئێران جێگای قەبووڵ نییە، وتیشی: ئێران ئەمڕۆکە پێی دەکرێ ماشینە ھێزمەندەکانی سانتریفوژی خۆی بە زۆروزەبەنی دروست کات و وەڕێیان بخات و لە کورتەماوەدا توانایی بەرھەمھێنانی خۆی وەک کاردانەوەیەک لە ھەمبەر جێبەجێ نەکرانی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر، بگەیەنێتە ١٩٠ ھەزار سوو.

خەڕڕازی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ڕۆژئاواییەکان با بزانن، بایکۆتی ئابووری و چەکەمەنی، ئێران لە ڕێبازە ستراتژییە سەربەخۆکەی پاشگەز ناکاتەوە، وتیشی: ئێران ھەتا ئێستا لە بەرامبەر ئەوپەڕی گوشاری ڕۆژئاوا، سیاسەتی خۆبژێویی خۆی بە خێرایی پێ و شوێن گرتووەو سەرکەوتنی حاشاھەڵنەگری لە بواری بەرھەمھێنانی چەک و چۆڵی بەرگریکارانەی پێویستی مسۆگەر کردووە.