ته‌مووز 06, 2020 16:46 Asia/Tehran
  • بەپێی پۆڵێنی

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی "سیماگۆ" بۆ پۆڵێنی دامەزراوە زانستییەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٩دا ، ئێران پلەی پازدەیەمینی لەسەر ئاستی جیهان گرتووە و لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکەش پێشەنگە .

 

ئەوە یەکەمجارە لەمێژووی خۆیدا ئێران ئەو پلەیە بەدەست دەهینێت، ئەویش بەبڵاوکردنەوەی ٦٤ هەزار بابەتی زانستی، کە سەرەرای ئەو هەموو گەمارۆ و سزایانەی لەسەرییەتی بەپێشکەوتنێکی گەورە بۆ ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت، دوای ئەویش تورکیا دێت، کە پلەی شانزەیەمی ریزبەندییەکەی گرتووە.

بەپێی ئەو پۆڵێنە جیهانییە،  لەساڵی ٢٠١٨ شدا ئێران بەبڵاوکردنەوەی ٥٩ هەزار بابەتی زانستی پلەی شانزەیەمینی جیهانی و پێنجەمی ئاسیای هەبووە.

بەگوێرەی ریزبەندییەکە چین پلەی  یەکەمی ئاسیا و جیهانی هەبووە و دواتر هیندستان چوارەمی جیهان و ژاپۆن شەشەم و کۆریای باشوور دەیەمی جیهان بوون بۆ بڵاوکردنەوەی زۆرەترین بابەتی زانستی .

لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئێران یەکەم و تورکیا دووەم و سعودییە سێیەم بووە، هەرچی عێراقە لەدوای میسر پلەی پێنجەمی گرتووە و ئیمارات و ئوردن و لوبنان و عوممان و کوێت و فەلەستین و بەحرێن و یەمەن و سوریا یەک بەدوای یەک پلەکانی تریان گرتووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، زۆرترین بابەتەکانی ئێران لەساڵی ٢٠١٩ دا لەبواری پزیشکیدا بوون، کە ١٧٦٣٧ بابەت بووە، دواتر بابەتەکانی ئەندازیاری و فیزیا و گەردوونناسی و زانستی ماددە کازناییەکان، کیمیا، بایۆکیمیا، جینات و بایۆلۆجیا و زانستەکانی کۆمپوتەر و بیرکاری و کشتوکاڵ و زانستە بایۆلۆجییەکان بوون .