ته‌مووز 10, 2020 00:37 Asia/Tehran
  • موسەوی : ترسی ئەمریکا لە ئارمانجەکانی شەھید سولەیمانی لە ئێستادا لەچاو سەردەمی ژیانی ئەو شەھیدە زیاترە

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە ڕق لە دڵی و دەمھەراشیی کاربەدەستانی ڕژێمی ئەمریکا لەمەڕ سەرداری سپەھبۆدی شەھید «قاسم سولەیمانی» وتی: ترسی ئەمریکا لە مەرام و ئارمانجەکانی شەھید سولەیمانی لە ئێستادا تەنانەت لەچاو سەردەمی ژیانی ئەو شەھیدە پاڵەوانە زیاترە.

«سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ،ڕۆژی پێنج شەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە وتەکانی پڕلە شەرمی ئەم دواییەی ھێندێک لە کاربەدەستانی ئێستاوپێشووی ڕژێمی ئەمریکا سەربارەت بە سەرداری سپەھبۆد« قاسم سولەیمانی» فەرماندەی شەھیدی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، وتی: ئەمەی کە تاوانکارە پیشەییەکان بە نیازی پاسادانی تاوانەکانیانەوە بن، شتێکی تازە نییە، بەڵام ئەوەی وا جێگای داخ و مەخابن و دەربڕی خووخدەی ئیستیکباریانەی ئەمریکایە، شێوازی کاردانەوە پیشاندانی پڕکێشانەیان بەرامبەر بە ڕێکخراوەی نەتەوەکان و ڕاپۆرتدەرەکەیەتی.

موسەوی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە شەھید سولەیمانی کاریگەرترین کەس بوو لە بەرامبەر پەرە سەندنی تیرۆریزم و توندئاژۆیی بە تایبەت داعش لە ناوچەکەو جیھاندا، وتیشی: تیرۆر کردنی ئەم پاڵەوانە نیشتیمانی و پارێزەرەی ئاشتی و ئاسایشتی ناوچەکە، ئەوەی سەلماند کە داعش و تیرۆریزم بەشێک لە کایەی ئەمریکا بۆ تاڵان و بڕۆی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بووەو بانگەشەی ئەم وڵاتە لە مەر خەباتی دژی تیرۆریزم بە تەواوی پوچەڵ و بێ بنەمایە.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران وتیشی: بۆ دەرکەوتنی مەزنایەتیی شەھید سولەیمانی ھەر ھێندە بەسە کە دڕندەترین کەسانی سەرزەوی و یاساشکێن ترین ڕژێمەکانی ئێستا دوژمنایەتییان دەکرد.

موسەوی ھەروەھا وتی: ئەندامانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ئەم ڕێکخراوەیە دەبێ ئەرکی خۆیان لە بارەی ڕاگەییشتن بەم ھەنگاوە مەترسی دارە کە دیارە پێشێلکردنی ئاشکرای بنەمای مافە نێونەتەوەییەکان و جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و مافی مرۆڤە، ڕاپەڕێنن و ڕێگر بن لە بەر دەم بە ئاسایی بوونی ملھوڕایەتی و بێ یاسایی و مرۆڤ کوشتنی بەبەرنامە لە لایەن ڕژێمی ئەمریکاوە.