حوزه‌یران 30, 2020 11:53 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری فڕەنسا: تورکیا لە بەر دەستوەردانەکانی لە لیبی تاوانبارە

«ئیمانۆئێل مەکرۆن» سەرۆک کۆماری فڕەنسا ڕایگەیاندووە: تورکیا لە بەر دەستوەردانی لە تێکھەڵچوونەکانی وڵاتی لیبی تاوانبارە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە  فرانس پرێس، «ئیمانۆئێل مەکرۆن» سەرۆک کۆماری فڕەنسا رۆژی  دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بەرۆژنامەنوسانی رایگەیاند: تەنانەت دوای ئەوەی گەورە وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەکگرتوەکانیش بڕیاری قەدەغەکردنی ناردنی چەکیان بۆ لیبییان دەرکردووە، کەچی هێشتاش دەستێوەردانە سەربازییەکانی تورکیا لە لیبی بەردەوامە و بکرە پەرەشی سەندووە.

مەکرۆن جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، لە ئێستادا تورکیا ژمارەیەکی زیاتری میلیشیا و چەکداری توندڕەوی رەوانەی لیبی کردووە کە دیارە ئەمەش دەستوەردانی سەربازی لە وڵاتێکی دیکە دێتە ئەژمارو پێم وایە ئەمە بەرپرسیارێتی مێژوویی و تاوانکاریی لایەنێکە کە خۆی بە ئەندامی ناتۆ دەزانێت.

سەرۆک کۆماری فڕەنسا وتیشی: ئەوەی وا تورکیا لە وڵاتی لیبی دەیکات بۆ ئێمە جێگای قبوڵ نیەو لەئێستادا وا ھەڵدەگرێ کە ئانکارا هەڵوێستی خۆی ڕوون کاتەوە.